سەرجەم بنکەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی سەرقاڵی مەشق و راهێنانن
964+
توانا نەقی
لە سنوری سەرجەم بنکەو بەڕێوەبەرایەتیەکانی بەرگری شارستاینی سلێمانی خولێک بۆ ماوەی دوو هەفتە بۆ سەرجەم کارمەندان لە بواری دیسپلین و رێزگرتنی سەربازی کراوەتەوە.
ئەمڕۆ 9.5.2023 سێیەم رۆژی خولەکەیە و ساڵانە سێ بۆ چوار جار ئەم خولە دەکرێتەوە بۆ ئەبدەیتی کارمەندەکان لە رووی رێزگرتنی سەربازییەوە، ئەمە جگە لەوەی لە بواری ئاگرکەوتنەوە و بولەرزەدا خولەکانیان بەردەوامە.
رائید ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، ئەم خولەیان کە ئێستا بەردەوامە بۆ ماوەی دووهەفتە تەنیا بۆ دیسپلینی سەربازی و رێزگرتنی ئەکادیمی سەربازییە.
وتیشی، بەڵام ساڵانە چەندین جۆریی تری خول بۆ ئەفسەران و کارمەندان دەکرێتەوە بۆ ئەبدەیتی زانیاری و راهێنان لەسەر ئاگرکەوتنەوە و کۆنترۆڵکردنی بەخێرایی و بە بێ زیان.
وتیشی، بابەتی راهێنانەکان لە بواری فریاگوزاری بومەلەرزەش گرنگییەکی تەواوی پێدەدرێت و بەبەردەوام خول و راهێنان دەکرێتەوە و زانیاری و راهێنانەکان نوێدەکرێتەوە و دەگەیەنرێتە کارمەندان.
بەشێک لەو رووداوانەی بەهۆی تەقینی غاز و ئاگرکەوتنەوە روویانداوە لە کوردستان وتەنانەت بوومەلەرزەش وایکردووە کە بەردەوام ئەبدەیتی زانیاری و راهێنانەکان بکەینەوە و خولەکانمان بەردەوامن بۆ ئەفسەران و کارمەندان، ئارام عەلی وای وت.