داڵانی خورماڵ

بە سەوزایی گەڕەکەکەیان والێکردووە دڵ و دەروون دەکاتەوە

ئەمەل ناجی – خورماڵ

ئەگەر بۆ یەکجاریش بە کۆڵانەکانی گەڕەکی داڵانیدا تێپەڕی سەوزایی، درەخت و گوڵ و گوڵزاری زۆری ئەم کۆڵانانە سەرنجت بۆ لای خۆی رادەکێشێت، وەک بڵێی ماڵەکان پێشبڕکێی ئەوەیانە کە حەوشە و بەردەم ماڵی کامیان سەوزتر بێت.

شوکرییە محەمەد، دانیشتووی گەڕەکەکەیە و بۆ 964 قسەی کرد و وتی، ”من یەکەم کەسبووم کە دەستم بە سەوزکردنی بەردەم ماڵەکەم کرد، ئەوکاتە هەندێک خەڵک پێیان وابوو کە ئیشێکی بێسوودە چونکە لە مانگی حەوتدا بوو کاتەکەی بەڵام بەردەوامبووم، و دوای منیش ماڵەکانی دیکە دەستیان بە سەوزکردنی گەڕەکەکە کرد، ئێستاش ئەم گەڕەکەی ئێمە خۆشترین و دڵگیرترین گەڕەکی خورماڵە.

عەلی حەمەکەریم، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکەیە، سەوزی ماڵەکانی بۆ هۆکارێک گێڕایەوە و وتی:” زۆربەی زۆری دانیشتووانی ئەم کۆڵانانە هەورامین، ئێمەی هەورامیش بەردەوام حەزمان لە سەوزایی، و ژینگەی پاکوخاوێنە.

وتیشی، بچینە هەر شوێنێک جێدەستی خۆمان لەسەر ژینگەی شوێنەکە بەجێدەهێڵین، درەختەکانیش جۆراوجۆرن، هەیانە بەردار و هەشیانە بێبەرە و تەنیا بۆ سەوزاییە و بەردارەکانیش خاوەنەکانیان و خەڵکی گەڕەکیش سوود لە بەرەکەی وەردەگرن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی