ئەو پۆلیسەی هاوسەری ژنە مردووەکەی بەستەوە سزادرا

 964+
كاروان ساڵحی – کەرکوک
دادگای كەركوك دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ دۆسیەی ئەو مامۆستایەی یەكلا كردەوە كە لە لایەن پۆلیسەوە لێیدرابوو، پاشان بە كەلەپچە كراوی بەسترابوو بەو قەروێڵەیەی تەرمی هاوسەرەكەی لەسەر بوو.

دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر دۆسێی ئەو پیاوەی لەسەردەمی سەرهەڵدانی كۆرۆنادا بەهۆی كەمتەرخی كارمەندانی نەخۆشخانەی گشتی كەركوكەوە هاوسەرەكەی گیانی لە دەستدا و ناوبراو پەلاماری یەكێك لە ئامێرەكانی نێو نەخۆشخانەكە دەدات و دەیشكێنێت، دواتر لە لایەن ژمارەیەك پۆلیسی بنكەی قۆرییەوە لیێدەدرێت و بە كەلەپچەكراوی دەبەسترێتەوە بەو قەروێڵەیەی تەرمی هاوسەرەكەی لەسەرە.

ئەحمەد كەریم، برای مامۆستاکە بە 964ی وت، “لە مانگی تەموزی ساڵی 2020 خێزانی براكەم توشی كۆرۆنا بوو لە نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک وەكو پێویست بەدەنگییەوە نەهاتن و تاوەكو دوا ساتەكانی ژیانی چاوەڕوان بووین پزیشك و كارمەندان بێنە سەری نەهاتن تا گیانی لەدەستدا.

وتیشی، براكەم لەوکاتەدا پەلاماری یەكێك لە ئامێرەكانی داوە و شكاندی ، دواتر ژمارەیەك پۆلیس لە براكەم دەدەن و كەلەپچەی دەكەن بەو قەروێڵەیەی تەرمی خێزانەكەی لەسەرە ، پاشان فەرمانگەی تەندروستی سكاڵای تۆمار كرد لە دژی شكاندنی ئامێرەكەیان و ئێمەش لە بەرامبەردا سكاڵامان لە سەر ئەو  پۆلیسانە تۆمار كرد كە لە براكەمیان دابوو.

ئەمڕۆ 8.5.2023 دوای تێپەربونی سێ ساڵ دادگای كەركوك دۆسیەكەی یەكلایی كردەوە و بڕیاریدا بە شەش مانگ زیندانی بۆ ئەو پۆلیسەی کە لە مامۆستاکەیت دابوو، هەروەها پێبژاردنی مامۆستا محەمەد لە 50 هەزار دۆلار بۆ پێنج ملیۆن دینار كەمكرایەوە، ئەحمەد کەریم وای وت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی