دزینی جانتا و مۆبایل لە سلێمانی زۆر بووە

رۆژ نا رۆژێک دزییەک لەناو بازاڕی سلێمانی کراوە

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
ڤیدیۆ

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا ١٩٦ حاڵەتی دزیی تۆمارکراوە بە تەنیا لەناو بازاڕی شارەکە، بە رێژەی ناوەندی دەکاتە رۆژ نا رۆژێک.

بەپێی ئەو زانیارییانەی سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بە 964+ی داوە، زۆرترین حاڵەتی دزین لەناو بازاڕی سلێمانی دزینی مۆبایلە، دوای ئەویش جانتای ژنان دێت.

ناسک محەمەد، ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵە، هەفتەیەک بەر لە ئێستا لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و لە نزیک دادگای کۆن لەناو بازاڕی سلێمانی لە یەکەم دوکان کە سەردانی دەکات جانتاکەی لێ دەدزرێت.

ناسک بۆ 964+ قسەی کرد، جانتاکەی جگە لە ١٠٠ دۆلارییەک، هاوکات تەلەفۆنێکی ئایفۆن ١١ی تێدا دەبێت و دوای گەڕانێکی زۆریش ناتوانێت بیدۆزێتەوە.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، “زۆرینەی ئەو کەسانەی لەناو بازاڕ دزی دەکەن مێرمنداڵی عەرەبن، دوای ئەوانیش فارس و کورد دێت”.

تیمەکانیشیان دوای زۆربوونی حاڵەتەکانی دزیکردنی چاودێرییان لەناو بازاڕ زیاتر کردووە.