2000 کەس ناوى نوسیوە
ئایفۆنى چەماوە گەیشتە هەولێر
رێباز یونس – هەولێر
ئایفۆنى چەماوەى ئەپڵ گەیشتە هەرێمى کوردستان و بۆیەکەمجار لە هەولێر نمایشکرا، خەڵکێکى زۆریش سەرەیان نوسیوە تا بەریان بکەوێت.
شاهۆ شەری، خاوەنی کۆمپانیای “ئای زۆن” بۆ 964 ئاشکرای کرد کە خواستێکی زۆر لەسەر ئەم بەرهەمە نوێیە هەیە و وتی: “لە ڕۆژی 9ـی ئەیلوولەوە تا ئەمڕۆ، زیاتر لە دوو هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان ناوی خۆیان بۆ کڕینی ئایفۆن دۆو تۆمار کردووە، کە تەنیا لە شاری هەولێر 700 کەس داواکارییان پێشکەش کردووە.”
بە وتەی خاوەنی کۆمپانیاکە، ئەم ئایفۆنە نوێیە توانای چەمانەوەی هەیە و رێگە دەدات بەکارهێنەر لە یەک کاتدا دوو ئەپڵیکەیشنی جیاواز لەسەر دوو بەشی روونماکە کار پێبکات.
لە هەمان کاتدا هۆشداری دەدرێتە ئەو کەسانەی بە مەبەستی وێنەگرتن مۆبایل دەکڕن، ئایفۆن دۆو خاوەنی دوو کامێرایە و کواڵیتییەکەی وەک ئایفۆنەکانی دیکە بەهێز نییە، هاوکات دۆخی وێنەگرتنی کەسیی پۆترەیت – تێدا نییە، بۆیە پێویستە کڕیاران پێش بڕیاردان ئاگاداری ئەو تایبەتمەندییە بن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح