مانگاکانی رانیە لەسەر پاشماوە پزیشکییەکانی تەنیشت نەخۆشخانەی منداڵان دەلەوەڕێن

هەواڵ

مەجید بتوێنی – رانیە

رۆژانە دیمەنی فڕێدان و کۆبونەوەی خۆڵ و خاشاک و تێکەڵبوونی پاشماوە پزیشکییەکان، لەتەنیشت نەخۆشخانەی ژنان و منداڵبوونی رانیە دووبارە دەبێتەوە.

بەپێی بەدواداچونی 964، دەرکەوتووە کە رۆژانە پاشماوەیەکی زۆر لە خاشاک و پاشماوەی پزشکی لەوانە دەرزی، لەفاف، شروب، دەبەی ئاوی مغەزی و حەپ، لە بەردەم نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی رانیە و لەسەر شەقامە گشتییەکە فڕێ دەدرێن.

جگە لەوەی بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان نابێت پاشماوە پزیشکییەکان تێکەڵی زبڵ و خاشاک بکرێت، بەڵکو دەبێت لەناو کورەی (محرقە)ـی تایبەتی نەخۆشخانەکان بسووتێندرێن، بەڵام لە رانیە نەک هەر فڕی دەدرێن بەڵکو ئەو مانگایانەی لەناو شاریشدا بەدەر لە رێنماییەکانی قایمقامیەتی شارەکە بەخێو دەکرێن، دوای گەڕاونەوەیان لە لەوەڕاندن بۆ ناو شار، جارێکی دیکە دەچنە سەر پاشماوەکان و ئەوەی بەردەم نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی رانیە لەسەر ئەو پاشماوانە دەلەوەڕێن، دواتر کرێکارەکانی پاکەرەوە بە زەحمەتیەکی زۆرەوە کۆی دەکەنەوە.

محەمەد سابیر، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی رانیە ئەوە رەتدەکاتەوە کە ئەوان پاشماوەی دەرمان فڕێ بدەن، بە 964ـی وت، ئەوانەی دەرەوە  هاوڵاتیان لە شوێنی ترەوە خاشاک وپاشماوە پزیشکییەکان دەهێنن و لەبەردەم نەخۆشخانەکەمان فڕێی دەدەن.

دەشڵێت: ئێمە کورەی سووتاندنی پاشماوەی دەرمانمان هەیە و پاشماوە پزیشکییەکانمان لەوێ دەسووتێنین.

بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی رانیە، داواشی لە کۆمپانیای پاکەرەوە دەکات حاوییەک لەبەردەم نەخۆشخانەکە دابنێن تاوەکو پاشماوەکان فڕێ نەدرێنە سەر شەقام.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق