دژەتیرۆر هەڵەى کردووە

بە فەرمى؛ دوو مێردمنداڵەکەى پردێ بە شەهید هەژمارکران


کاروان ساڵحى

ئەو دوو مێردمنداڵە کوردەى پردێ کە ماوەى رابردوو لەلایەن دژەتیرۆرى عێراقەوە شەهیدکران، بە فەرمانى عەلى زەیدى وەک شەهید هەژمارکران.
27.9ـى ئەمساڵ، دژە تیرۆرى عێراق بە حسابى خۆیان چالاکییەکى گەورەیان ئەنجامداوە و لە پردێ دوو چەکدارى داعشیان کوشتووە، کەچى زۆرى نەبرد دەرکەوت ئەوانەى کوژراون دوو مێردمنداڵى 15 و 16 ساڵانى کوردن و فڕیان بە تیرۆرەوە نییە.

ئەمڕۆ، مازن غەریب ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بۆ 964 ئاشکراى کرد کە عەلى زەیدى فەرمانێکى دەرکردووە و هەریەک لە موراد زانا و محەمەد هێمنى بە شەهید هەژمار کردووە و دانى بەوەشداناوە کە هێزەکەى دژە تیرۆر هەڵەى کردووە.

بەپێی بڕیارەکە کە پشت بە راسپاردەی لیژنەی لێکۆڵینەوە دەبەستێت، هەردوو شەهیدەکە یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی کردە جەنگی و هەڵە سەربازییەکان دەیانگرێتەوە و کەسوکارەکانیان سەرجەم ماف و ئیمتیازاتە یاساییەکانیان پێدەدرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح