به‌ شێوازه‌كانى دێمی و به‌راو چێندراون

گه‌نم و جۆى قه‌ره‌داغ و كفری سه‌لامه‌تن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌ پێی به‌دواداچوونه‌كانى 964، تا ئێستا گه‌نم و جۆى سنوورى قه‌زاكانى قه‌ره‌داغ و كفری سه‌لامه‌تن و هیچ نه‌خۆشی و سن و كیسه‌ڵه‌یه‌ك لێىنه‌داون، به‌ڵام جووتیاران ئاگادارى خه‌ڵك ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ كاتى زیاتر وشكبوونى ده‌غڵه‌كانیان وریابن له‌ ئاگركه‌و‌تنه‌وه‌یان.

شه‌عبان گوڵه‌جۆیی، جووتیارێكی ناحیه‌ى گوڵه‌جۆی سه‌ر به‌ قه‌زاى كفریه‌، به‌ 964ـى وت، تا ئێستا گه‌نم و جۆیان دووره‌ له‌ نه‌خۆشی و هیچ سن و كیسه‌ڵه‌یه‌كیش لێى نه‌داون.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ئه‌مساڵ زیاتر له‌ 10 دۆنم زه‌وی بۆ گه‌نم داچاندووه‌ و هه‌ردوو شێوازى دێمى و به‌راویشیان بۆ چاندنه‌كه‌ به‌كارهێناوه‌.

به‌ قسه‌ى ئه‌و جووتیاره،‌ ته‌نیا ئه‌مساڵ له‌ سنوورى ناحیه‌ى گوڵه‌جۆدا زیاتر له‌ 35 هه‌زار دۆنم زه‌وى بۆ گه‌نم و جۆ له‌ لایه‌ن جوتیارانه‌وه‌ داچێنراوه‌.

به‌ پێی زانیارییه‌كانى 964، زۆربه‌ى گه‌نم و جۆى سنوورى ناحیه‌ى گوڵه‌جۆى سه‌ر به‌ قه‌زاى كفری، له‌ ناوچه‌كانى زه‌نگاباد چێندراون، كه‌ له‌ سنووره‌كه‌یدا 35 گوند له‌خۆده‌گرێت.

له‌لایه‌كى دیكه‌، بەڕێوه‌بەرایەتی کشتوکاڵی قەرەداغ سه‌ردانێكی مه‌یدانییان بۆ ناو به‌شێكی ئه‌و گه‌نم و جۆیه‌ داچێندراوانه‌ كرد، كه‌ بۆ ئه‌مساڵ له‌ سنوورى قه‌زاكه‌یان له‌لایه‌ن جووتیارانه‌وه‌ چێندراون.

به‌ پێى هه‌واڵێك كه‌ كشتوكاڵى قه‌ره‌داغ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، به‌شی پاراستنی رووەک بە مەبەستی پشکنین و گەڕان بۆ مێرووی سن و مەن لە کێڵگەکانی گەنمی جووتیاران سەردانی گوندەکانی ئەستێڵی سەروو کۆشک و سێوسێنان و گومەتەیان کرد و هیچ حاڵه‌تێكیان به‌دی نه‌كردووه‌.

دووپاتیان كردووه‌ته‌وه‌، گه‌نم و جۆى سنووره‌كه‌یان بۆ ئه‌مساڵ سه‌لامه‌ته‌.

به‌ پێی ئه‌و زانیارییانه‌ى 964 هه‌یه‌تى، ئه‌مساڵ له‌ كۆتایی مانگى ئایاردا ده‌ست به‌ دروێنه‌وه‌ى گه‌نم و جۆ له‌ زۆربه‌ى ناوچه‌كانى هه‌رێمی كوردستان، ده‌كرێت.

جوتیاره‌كه‌ى گوڵه‌جۆش هۆشدارى ده‌دات، كه‌ چه‌ند رۆژێكی دیکە گه‌نم و جۆیه‌ داچێندراوه‌كه‌یان زیاتر وشك ده‌بن و خه‌ڵك پیاده‌ و شۆفێرانى سنووره‌كه‌یان ئاگادارده‌كاته‌وه‌ كه‌ به ‌وریاییه‌وه‌ جگه‌ره‌ و هۆكاره‌كانى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ به‌كاربهێنن.