مەسعود پزیشیکیان:

“دەستی گەل و حکومەت و هێزەکانی عێراق دەگوشم”

شۆڕش قادری

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران سوپاسی خەڵک و حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکات و دەڵێت، لەم شەڕەدا لەپاڵ خەڵکی ئێران وەستاونەتەوە و بەرگریان کردووە.

مەسعود پزیشکیان پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، “خەڵکی مسوڵمانی عێراق لەم جەنگە نادادپەروەرانەدا ئازایانە لەپاڵ خەڵکی ئێران وەستانەوە، ئەم خۆڕاگرییەش بەهۆکاری جوگرافییەوە نییە، بەڵکو بۆ مێژوو و ناسنامە و بەها ئاینییە هاوبەشەکان دەگەڕێتەوە”.

“دەستی گەل و بەرپرسان و جەنگاوەرەکانی عێراق بەتوندی دەگوشم و رێز و پێزانینم بۆ بەڵێنەکانمان و خۆراگریتان هەیە”، پزیشکیان وادەڵێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا وێنە و ڤیدیۆی چوونی چەکدارانی حەشدی شەعبی بۆ شارەکانی ئێران بڵاوبووەوە و چەند جارێکیش پێگەی ئەو چەکدارانە لە عێراق لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکا بۆردومان کراوە.