ئاوی سلێمانی ھۆکاری جیاوازی ماوەی پێدانی ئاوی ماڵان ئاشکرا دەکات

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی دەڵێت، ئێستا دوو بۆ سێ سەعات ئاو بە دانیشتووانی شارەکە دەگەیەنن، زیاتر لە سێ گەڕەکیش بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت.

لە سلێمانی و لە رێگەی پڕۆژەی ئاوی (دوکان یەک، دوکان دوو و سەرچنار) ھەر 72 کاتژمێر جارێک بۆ ماوەی دوو کاتژمیر بۆ سێ کاتژمێر ئاو دەدرێت بە ماڵان.

ئەمرۆ سێشەممە 3.5.2023 بەختیار تاھیر بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە تۆڕی 964ی وت، “بەگوێرەی جوگرافی سلێمانی و دابەشبوونی رێژەی دانیشتووان، 30 خولەک بۆ یەک کاتژمێر ماوە پێدانی ئاو گۆڕانکاری تێدا کراوە”.

وتیشی، دۆخی ئێستای پرۆژەکانمان باشن، بەڵام عادەتەن ئاوی سەرچنار لە مانگی شەش و حەوت کەمدەکات، چونکە پشتی بە ئاوی باراناو بەستووە، ئەگەر کێشەی شکان یان کارەبا و خەرجی نەبێت، وەرزی ھاوینی ئەمساڵ ئاوی پێویست لە ھەرسێ پرۆژەکەوە دابیندەکەین”.

ژمارەیەک گەڕەکی سلێمانی، گازندەی کەم ئاوی و نەبوونی ئاو دەکەن، بەختیار تاھیر وتی، “ئەو کێشەیە لە گەڕەکەکانی راپەڕین و قڕگە و چوارچرا زیاتر ھەن، بەڵام لە رێگەی تانکەرەوە بەردەوامین لە دابینکردنی ئاو، ھەندێک جاریش کە تانکەر بەشی خواست ناکەن یان پێویستیان بە سیانەیە، کاریگەری لەسەر پێنەگەیاندنی ئاوەکە دەبێت”.

زیاتر لە 87%ی خەڵک پێوەری ئاویان بەستووە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی خاوەنی 190ھەزار ھاوبەشی ئاوە، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی دەڵێت، ئێستا خەڵک باشتر لە پێوەری ئاو گەشتوون کە دەزانن بڕێکی کەمتر کرێی ئاویان بۆ ھاتووەتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی