لە سلێمانی

ئامادەکاری بۆ کردنەوەی مۆزەخانەی شێخ مەحمود دەکرێت

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

ئەو خانووەی لە گەڕەکی مەڵکەندیی شاری سلێمانی، کە بارەگای شێخ مەحمود بووە، دەکرێت بە مۆزەخانەیەکی تایبەت و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی سەرقاڵی ئامادەکردنیەتی.

شێخ مەحمود لە ماوەی ساڵانی 1919 تا 1922 بارەگاکەی لەناو ئەو خانووەی مەڵکەندیدا بووە و لەوێوە سەرۆکایەتی ئەو حکومەتەی کردووە، کە پێکیهێناوە.

هەروەها کاتێکیش مێجەرسۆن، حاکمی بەریتانیا لە سلێمانی دەبێتە حوکمڕان لە هەمان بارەگادا کارەکانی دەکات.

رێباز مەحمود، ئەندازیاری تەلارسازی لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، بەشێکی ئەو خانووانەی نۆژەنمان کردوونەتەوە، بوون بە کافتریا، بیرمان کردەوە شتێکی جیاوازتر بکەین.

دەشڵێت، بڕیارمان دا ئەو خانووە نۆژەن بکەینەوە و هەر کەلوپەلێکی سەردەمی حوکمڕانی شێخ مەحمود و مێجەرسۆن دەستمان بکەوێت لەوێدا دایبنێین.

وەک ئەو باسی دەکات، کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە هەندێکی ماوە و دواتر کەلوپەلەکان دادەنێن و بەڕووی گەشتیاراندا دەیکەنەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا