دوێنێ شەو لە کوردستان و ناوچەکە چی روویدا؟

ترەمپ گاڵتە بە وەڵام و ئاگربەستەکەی ئێران دەکات و کاربەدەستدانی تارانیش بێ منەتن

شۆڕش قادری

ترەمپ گاڵتە بە وەڵام و ئاگربەستەکەی ئێران دەکات و کاربەدەستدانی تارانیش لێی بێ منەتن و دەڵێن، بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەن، کورت و پوختی هەواڵەکانی شەوی رابردوو لێرە بخوێنەوە؛

دۆناڵد ترەمپ  سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشنیازەکەی ئێران وەک پارچەیەک زبڵە و خوێندنەوەکەیشم تەواو نەکرد، ئاگربەستەکەش زۆر لاوازە و لەئێستادا لەیەکەی چاودێری چڕدایە.

ترەمپ دیسان بابەتی چەکەکانی هێنایەوە بەرباس و وتی، “زۆر نائومێدم لەو کوردانەی چەکمان پێدان بۆ ئەوەی بیبەنە ناو ئێران و رادەستی بکەن، بەڵام ئەوان لای خۆیان هێشتیانەوە”.

دەربارەی دەستپێکردنەوەی “پڕۆژەی ئازادی”، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر ئەو پرسە خەریکی تاوتوێکردن و لێکۆڵینەوەیە، بەڵام ئەمجارە بە قەبارە و مەودایەکی فراوانتر دەبێت و تەنیا لە یاوەرییکردنی کەشتییەکان بە ناو گەرووی هورمزدا کورت نابێتەوە.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگه‌یاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەکی ئەمریکان و ده‌شڵێت، “هێزه‌كانمان بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەن و دوژمن توشی شۆك ده‌كه‌ن”.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران بڵاویکردەوە، پێشنیازی تاران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، قبوڵکردنی بردنە دەرەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەو وڵاتە ناگرێتەوە.

میدیای ئێران: هێزە ئەمنییەکان بۆرییەکی گواستنەوەی نەوتی قاچاخیان لە بەندەر عەباس دۆزیوەتەوە، بۆرییەکە شەش کیلۆمەتر درێژە و قاچاخچییەکان لەڕێیەوە نەوتیان لە وشکانییەوە گەیاندووەتە بەلەم و کەشتییەکانی ناو دەریا.

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، “تائێستا 62 کەشتیی بازرگانیمان گەڕاندووەتەوە بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی گەمارۆی سەر ئێران، هەروەها چوار کەشتیشیان لەکارخستووە کە ویستوویانە گەمارۆکە پێشێل بکەن.

تیۆ فرانکن، وەزیری بەرگری بەلجیکا بە ‘جەزیرە’ی راگەیاند، دەستپێشخەرییەکی بەریتانی-فەرەنسیمان لەبەردەستە بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە گەرووی هورمز و گەڕاندنەوەی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لەو ناوچەیە.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان دەنگۆی بوونی فڕۆکەی ئێرانی لە بنکەی ئاسمانیی نورخان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەو فڕۆکە ئێرانییانەی لە ئێستادا لە پاکستانن، لە ماوەی ئاگربەستدا گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە و پەیوەندییان بە هیچ بارودۆخێکی نائاسایی سەربازییەوە نییە.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم هاوڵاتیانی دڵنیاکردەوە لەوەی کە تا ئەم کاتە هیچ سنووردارکردنێکی گەشتی و بازرگانی و جوڵەی هاوڵاتیان پەیوەست بە ڤایرۆسی هانتا لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لەئارادا نییە و تا ئێستا هیچ گومانلێکراوێک یان حاڵەتێک یان بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە.

پۆلیسی سلێمانی دوو تۆمەتباری دەستگیرکرد کە لە ناو مزگەوتەکاندا گیرفانی نوێژخوێنانیان بڕیوە، ئەم دزیانە لە پێش دەستپێکی مانگی رەمەزانەوە ئەنجامدراون.

وەزارەتی بەرگریی سوریا رایگەیاند، بەهۆی بەئامانجگرتنی پاسێک لە گوندێکی حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان دوو سەرباز کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.