بۆچی ترەمپ و پۆتن روویان لە چین کرد؟

پەکین؛ وێستگەی نوێی زلهێزەکا

964+

شانیا بێستون

تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا، پەکینی پایتەختی چین بووە چەقی سەرنجی دیپلۆماسیی جیهان. دوای ئەوەی لە 13ـی ئەم مانگەدا دۆناڵد ترەمپ بە لەشکرێک لە کۆمپانیا و بازرگانەوە گەیشتە ئەو وڵاتە، ئەمڕۆش ڤلادیمێر پۆتن، سەرۆکی رووسیا لە پەکین دابەزی.

ئەم کێشکردنە نێودەوڵەتییە پەکینی لە پایتەختێکی ئاساییەوە گۆڕیوە بۆ مێزی نوێی گفتوگۆ ستراتیژییەکان، هۆکارەکەشی بۆ پێگەی بێڕکابەری ئابووری و تەکنەلۆژیی چین دەگەڕێتەوە، کە ئێستا هاوبەشی بازرگانیی یەکەمی زیاتر لە 120 وڵاتی جیهانە.

چین کە جاران تەنیا بە کاڵای هەرزان دەناسرایەوە، ئێستا بووەتە خەزێنەی ژیریی دەستکرد و کۆنترۆڵکاری رەهای کانزا دەگمەنەکان، کە کەرەستەی خاوی سەرەکین بۆ دروستکردنی مۆبایلە زیرەکەکان، شاشە و چەکە پێشکەوتووەکان.

کاریگەریی چین بە ژمارە:

80%ـی پانێڵەکانی وزەی خۆر لە جیهاندا بەرهەم دەهێنێت.
سەکۆی سەرەکیی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەباییە و ملیۆنان دانەی ناردووەتە بازاڕەکانەوە، کە ئێستا شەقامەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیشیان قەرەباڵغ کردووە.
هەناردەکاری ژمارە یەکی جلوبەرگ و گەورە پڕۆژەکانی وزەیە لە جیهاندا.
پێگەی چین وەک وڵاتێک کە کورد وتەنى “سەری مار و مێرووی” تێدا دەستدەکەوێت. لە دەرزییەوە تا فڕۆکە و سۆفتوێری پێشکەوتوو. ئەمەش وایکردووە کە دۆست و نەیار، رۆژهەڵات و رۆژئاوا، و سەرکردەی وەک ترەمپ و پۆتن، کلیلی چارەسەری قەیرانە گەورەکانیان لە پەکین بەدی بکەن.