ژمارەیان لە هەڵکشانە

نەخۆشخانەی قەڵا لە کەلار جێگەی نەماوە بۆ نەخۆشانی هەوکردنی پەردەی مێشک

964+

میلاد جەلال-گەرمیان

بەھۆی گومانی نەخۆشی ھەوکردنی پەردەی مێشک، لە کەلار 70 منداڵ داخیلی نەخۆشخانەی قەڵا کراون، کەیسی تووشبوونی 30 منداڵ بەهۆی نەخۆشیەکەوە یەکلایی بۆتەوە.

هەفتەی پێشوو تەنیا 19 حاڵەتی ھەوکردنی پەردەی مێشک لە نەخۆشخانەکە تۆمارکرابوون، لەگەڵ هەبوونی کەیسی 60 منداڵ بە گومانی ھەبوونی نەخۆشیەکە.

بەپێی زانیاریەکانی 964، ئەو کارمەند و پزیشکانەی کە مۆڵەت بوونە و لەماڵەوە بوون داوایانلێکراوە هەر ئەمشەو بگەڕێنەوە بۆ نەخۆشخانەکە.

حارس محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی قەڵا بۆ 964 پشتڕاستی ئەو داتایەی کردەوە و وتی “نەخۆشخانەی قەڵا پڕبووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ سێ لەو منداڵانەی کە پێشتر توشی نەخۆشیەکە بوون، رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە و نەخۆشیەکەیان تێپەڕاندوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی