دیمەنی دانانی بەردی بناغەی دوو شەقامی 30 مەتری لە گەڕەکی هەولێری نوێ، وێنە: پەیجی پارێزگای هەولێر
هەولێری نوێ دەبێتە خاوەن دوو شەقامی 30 مەتری
توانا نەقی
ئەمڕۆ بەردی بناغەی پرۆژەی دروستکردنی دوو شەقامی 30 مەتری لە هەولێر دانرا.
پرۆژەی شەقامەکان لە گەڕەکی هەولێری نوێیە و بە گوژمەی 270 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر و 15%ی داهاتی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر دروستدەکرێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کاتی دانانی بەردی بناغەی شەقامەکان رایگەیاند، ئەم پرۆژەیە سودێکی زۆر بە دانیشتوانی گەڕەکی هەولێری نوێ دەگەیەنێت و هیوادارین جێگەی رەزامەندییان بێت.
وتیشی، لەو گەڕەکە و لە بەشێکی دیکەی گەڕەکەکانی هەولێر پرۆژەی خزمەتگوزاری تێدا ئەنجامدەدرێت، زۆربەیان لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر و شارەوانی هەولێر دەبێت.
دانانی بەردی بناغەی ئەو پرۆژەیە پێکاهاتووە لە دروستکردنی شەقامێکی 30 مەتری لە گەڕەکی هەولێری نوێ نزیک قوتابخانەی هەولێری نوێ، هەروەها دروستکردن و قیرتاوکردنی شەقامێکی تری 30 مەتری لە نزیک حیزبی زەحمەت کێشان لە گەڕەکی هەولێری نوێ.