بەرازەکان لە دەوروبەری سامەڕا و قەزای ئەلموعتەسەم و ئیسحاقیە ژمارەیان زیادی کردووە
ئەوەندە زۆر بوون راو دەکرێن
بەرازە کێوییەکان تێکدەر و بخۆری ژمارەیەک ناوچەن لە سەڵاحەدین
سیروان خورشید – خورماتوو
لە ناوچە رووباری و دەشتاییەکانی پارێزگای سەڵاحەدین بەراز هێندە زۆر بووە راو دەکرێ، لەگەڵ زۆربوونیان دەستیان کردووە بە پەلاماردانی کێڵگە پەلەوەریی و کشتوکاڵییەکان، خەڵک بێتاقەت بوون بە دەستییانەوە و پەنایان بۆ راوکردنیان بردووە.
دیمەنێک دەست 964 کەوتووە دەردەکەوێ، ژمارەیەک هاوڵاتی و راوچی لەناو رووباری دیجلە لە پارێزگاکە خەریکی راوکردنی بەرازەکانن، بەرازەکان لە دەوروبەری سامەڕا و قەزای ئەلموعتەسەم و ئیسحاقیە ژمارەیان زیادی کردووە.
پەلەوەر دەخۆن
محەمەد شەلهوب، هاوڵاتییەکی دانیشتووی قەزای ئیسحاقیە لە سەڵاحەدین بە 964ـی وت، بەراز لەناوچەکانمان بەشێویەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون کردووە، بەجۆرێک شەوانە هێرشی رەوەبەراز دەکرێتە سەر کێڵگەکان و پەلەوەر دەخۆن، جگە لەوەی بێستان و زەوییە کشتوکاڵییەکان تێک دەدەن و زیانێکی زۆریان پێ دەگەیەنن، تەنانەت بوونەتە مەترسی بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەکەش.
ئەو لەبارەی کاردانەوەی دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێ، زۆرێک لە بەرازەکان بەرۆژ دێنە ناو روباری دجلە بۆ خۆفێنککردنەوە و ئێمەش بە هەلی دەزانین و راویان دەکەین یان دەیانکوژین، لەم ساڵانەی دواییدا کێشەیەکی گەورەی ژینگەیی و کشتوکاڵی بەهۆی زیادبوونی بەرازی کێوییەوە دروستبووە.
رێکاری پێشوو کەڵکی نەماوە
عەباس تەها، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای سەڵاحەدین بە964ـی وت، ئەوان ناتوانن رێگری لە راوکردن و کوشتنی بەرازەکان بکەن، بەو پێیەی هیچ نوسراو و بڕیارێکی فەرمی بۆ رێگریکردن لەو بابەتە پێیان نەگەیشتووە، ئەو بەرازانە رۆژ دوای رۆژ زیاد دەکەن و زیان بە جووتیاران و خاوەن زەویە کشتوکاڵییەکان دەگەیەنن.
بە قسەی ئەو بەرپرسە، رێگەکانی پێشوو وەک دانانی سیاج و دەرمانی کوشتندە بۆ لەناوبردنی بەرازی کێوی سودی نەبووە، چونکە بەرازەکان بەڕەوە هێرش دەکەن و تەنانەت پەلاماری خاوەن باخەکانیشیان داوە و برینداریان کردوون.
لە رووی کشتوکاڵی و یاسایی ناوخۆییەوە لە سنوورەکە، بەهۆی زۆری زیانەکانەوە رێگە بە جووتیاران دراوە بیانکوژن، چونکە تا ئێستا لە رووی کارگێڕی و فەرمییەوە هیچ بڕیارێکی تایبەت بۆ کۆنتڕۆڵکردن یان لەناوبردنی رێژەیی لەلایەن ناوەندە باڵاکانەوە دەرنەچووە.
ژمارەیان چەند هێندە بووە
ژمارەی بەرازە کێوییەکان لە سەڵاحەدین لەچاو سێ ساڵی رابردوو چەند هێندە زیادی کردووە بەجۆرێک گەر لە دوو ساڵی پێشوو ژمارەیان 500 دانە بووبێت ئێستا نزیک بوەتەوە لە هەزار دانە، هۆکاری ئەمەش بۆ کەمبوونەوەی ئاژەڵە دڕندە سروشتییەکانی تری کێوی کە رکابەریان بوون دەگەڕێتەوە، لەگەڵ فراوانبونی ناوچە چۆڵەوانەکان و نزیک رووبارەکان.
بە گوێرە سۆراغی 964، بەرازەکان خاوەن رەفتارێکی تێکدەرانەن و زۆر جار رەوەهێرش دەکەنە سەر کێڵگە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، لە رووەک، رەگی دار، دانەوێڵە، گەنم، جۆ و سەرجەم بێستان و زەوییە چێنراوەکان و باخەکان وێران دەکەن، بە هەڵکۆڵینی زەوییەکە بە دەنووک و قاچەکانیان ریشەی رووەکەکان لەناودەبەن و سیاجی کێڵگەکان تێک دەشکێنن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا