دیمەنی ژمارەیەک وشترلە وێنە:964دەوروبەری چیاکانی دهۆک
شوانکارێکی موسڵ بۆ لەوەڕاندن حوشترەکانی هێناوەتە گوندێکی دهۆک
هێڤی دێوالی-دهۆک
شوانکارێکی خەڵکی رەبیعەی پارێزگای موسڵ، بەهۆکاری وشکی ناوچەکەیان 12 حوشتری بۆ لوەڕاندن هێناوەتە گوندێکی پارێزگای دهۆک.
ساڵانە ژمارەیەک شوان لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە، مەڕەکانیان بۆ لەوەڕاندن دەهێننە گوندەکانی پارێزگای دهۆک، ئەو هاوڵاتییە بۆ ئەمساڵ حوشترەکانی هێناوەتە گوندی باجلور.
غازی عوبێد، خاوەنی ئەو 12 حوشترەیە بە 964ی راگەیاند، لەبەر کەمی ئاو و سەوزایی بەرەو ئەو ناوچەیە هاتووم، تەنیا مانگێک لێرە دەبم، چونکە گیایی ئەم ناوچەیە بۆ حوشتر سودی زۆری نییە، سوێرە.
خاوەنی حوشترەکان دەڵێت زیاتر لە 50 حوشترم هەبوو، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا 12 دانەیان ماوەتەوە، لەبەر برسیەتی زۆربەیم لەدەستدا.
غازی عوبێد، خاوەنی سێ هاوژینە، 18 منداڵی هەیە، دەڵێت شوانیەتی لە باوانیەوە بۆ ماوەتەوە و ئێستا خاوەنی 400 سەر مەڕە.
گوندی باجلور سەر بە ناحیەی زاوێتەیە، بەدووری سێ کیلۆمەتر دەکەێتە پارێزگای دهۆک، ئێستا هەر 150 ماڵێک دەبێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی