دەستەی راگەیاندن و گەیاندن : بەردەوام دەبین

بارەگای سەرەکی و سێ ناوەندی فرۆشتنی “کۆڕەک” لە بەغدا داخران

فەرهاد حەسەن

دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق دەڵێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی نیشتمانی، بارەگای سەرەکی و سێ ناوەندی فرۆشتنی “کۆڕەک”ی لە بەغداد داخستووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 20.8.2026، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، زنجیرەیەک رێکاری مەیدانی بۆ داخستنی بارەگا و ناوەندەکانی کۆمپانیای “کۆڕەک تێلیکۆم” لە بەغدای پایتەخت جێبەجێ کرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمی دەستەی راگەیاندن، رێکارەکان بریتی بوون لە داخستنی سێ ناوەندی فرۆشتنی سەرەکی لە ناوچەکانی (عەرسات، شەقامی فەلەستین، و مەنسوور)، جگە لە داخستنی بارەگای سەرەکیی کۆمپانیاکە کە دەکەوێتە ناوچەی “جادرییە”.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە رێکخراوەیی و یاساییانەدایە کە پێشتر دژ بە کۆمپانیای کۆڕەک دەرچووبوون، ئامانجی ئەم رێکارانەش وەکو سەتە عێراقییەکە دەڵێت، راگرتنی تەواوەتی چالاکییەکانی کۆمپانیاکە و تەواوکردنی پێداویستییە یاساییەکانە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە حکومی و ئەمنییە پەیوەندیدارەکان.

دەستەی راگەیاندن و گەیاندن دووپاتیکردەوە کە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان لە چوارچێوەی یاسا و رێساکاندا، بە مەبەستی پاراستنی مافەکانی دەوڵەت، بەرژەوەندیی گشتی و مافی بەکارهێنەرانی خزمەتگوزارییەکانی گەیاندن لە عێراقدا.