"شەرمەزارییە شەهیدێک لەگەڵ تیرۆریستێک یەکسان بکرێن"

عێراق لەرێگەی وردبینی کردنەوە ناوە “ساختە”کان لە لیستی شەهیدان دەردەهێنێت

فەرهاد حەسەن

لیژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانی سیاسی لە  پەرلەمان عێراق، ئاشکرای کرد، کە لە رێگەی وردبینی کردنەوە دەیانەوێت لیستی شەهیدانی وڵاتەکەیان لە ناوە “ساختە”کان پاکبکەنەوە، جەختیش دەکاتەوە کە وردبینیی کردنەکە مافی خاوەن مافە راستەقینەکان دەپارێزێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، حوسێن نیعمە بەتات، ئەندامی لیژنەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لەمیانی بەدواداچوونیان بۆ کارەکانی دەزگای شەهیدان، ستایشی ئەو هەوڵانەیان کردووە کە دەزگاکە لە وردبینیی دۆسیەکان و پێداچوونەوە بە داتا و بەڵگەنامەکاندا دەیکات، وتیشی “ئەم رێکارە پیشەیی و یاساییانە ئامانجیان پاراستنی مافی شەهیدان و پیرۆزیی ناوەکانیانە و رێگری لە هەر هەوڵێکی دەستکاری یان ساختەکاری دەکەن.”

پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ ئەم رێکارانە دەربڕی، بەتایبەت ئەو بەشەی کە پەیوەستە بە ئاشکراکردنی دۆسیە “ساختە”کان و لادانی هەموو ئەو کەسانەی شایستە نین یان پەیوەندییان بە رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە هەیە، دەشڵێت “ئەم هەنگاوانە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی و یاسایی و ئەخلاقییە.”

ئاماژەی بەوەکرد، جێگەی شەرمەزارییە شەهیدێک کە گیانی خۆی بۆ عێراق بەخشیوە، لەگەڵ تیرۆریستێک یەکسان بکرێت کە تاوانی دژی گەلی عێراق ئەنجامداوە”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی شەهیدان جەختیکردەوە کە “داواکارییەکان بۆ خەرجکردنی گشتیی موچەکان بێ تەواوکردنی رێکارەکانی وردبینی رەتدەکەینەوە، چونکە مافی شەهیدان دەبێت بۆ ئەوانە بێت کە بەپێی یاسا و بەڵگەنامە فەرمییەکان شایستەن، نەک رێگە بدرێت دۆسیەی ساختە تێپەڕێنرێت.”

داواشی کرد پەلە بکرێت لە خەرجکردنی موچەی ئەو کەسانەی دۆسیەکانیان دروستە و شایستەبوونیان سەلمێندراوە، داوای لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دەستەی دەسپاکی و لایەنە ئەمنییەکان کرد لێکۆڵینەوەی خێرا و جدی لە هەموو حاڵەتەکانی ساختەکاری بکەن و سزای هەر کەسێک بدەن کە تێوەگلاون، لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت.