پچڕانی کێبڵێک لە سلێمانی شەقامێکی پێنج کیلۆمەتری بێ کارەبا کردووە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە شەوی رابردووەوە، ئامێرەکانی هەڵکەندنی ئەو کۆمپانیایەی  کار لە پرۆژەی ئەندەرپاسی فاروقدا دەکەن لە سلێمانی، لە کێبڵێکیان داوە و کارەبای شەقامێکی پێنج کیلۆمەترییان بڕیوە و تاریکیان کردووە.

غالب محەمەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سلێمانی بە 964ی راگەیاند، لە شەوی یەکشەممەوە ئەو بەشەی شەقامی مەلیک مەحمود کە لە نەخۆشخانەی فاروقەوە دەستپێدەکات تا گۆیژە بێ کارەبا ماوەتەوە.

بە وتەی غالب محەمەد، هۆکاری بڕانی کارەبای ئەو بەشەی شەقامی مەلیک مەحمود ئەوەیە، لە کاتی کارکردن لە پرۆژەی ئەندەرپاسی فاروقدا کێبێڵیک پچڕاوە و لە فیدەری 150ـی شەقامەکە شۆرت دروست بووە.

لە  11.3.2023 بەردی بناغەی ئەندەرپاسی فاروق بە گوژمەی حەوت ملیار و 300 ملیۆن دینار دانرا.

شارەوانی سلێمانی دەڵێت، “ئەندەرپاسەکە دەبێتە هۆی چارەسەركردنی كێشەی (U-turn)ی سەر شەقامی مەلیك مەحمود، نزیك شاری پزیشکی فاروق و ئاسانكردنی هاتوچۆ لە سەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمودەوە بۆ گەرەكەكانی كازیوە و ئیبراهیم ئەحمەد و هیوا و پەری”.