بەپێی ئامارێک رێژەی هەژاری لە عێراق دابەزیوە بۆ %22

964+
فەهمی نەبی

بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، رێژەی هەژاری لە عێراق گەیشتۆتە %22، هاوکات لە داتایەکی دیکە ئەوە هاتووە رێژەی هەڵاوسان بۆ %0.7 کەمیکردووە.

ماهر جوعان، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لەمیانی بەشداری لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی، کۆمەڵێک داتای لەبارەی رەوشی ئابوری ئێستای عێراق بڵاوکردەوە.

بەوتەی ئەو بریکارەی وەزارەتی پلاندانان، رێژەی بێکاری لە عێراق %13 بۆ %15-یە، ئەوەش هاتووە رێژەی هەژاری گەیشتوەتە %22، ئەمە لە کاتێکدایە رێژەی هەژاری لە ساڵی 2022 بەرزترین ئاستی هەبووە کە رێژەکەی %25 بووە.

بەپێی ئەو داتایە بێت، رێژەی هەژاری لە عێراق دابەزیوە.

ئەوەش هاتووە، حکومەتی عێراق لە پلانیدایە سەرژمێری دانیشتوان ئەنجامبدات، لەبارەی زیادکردنی پارەی تۆڕی کۆمەڵایەتی لە بودجە راگەیاندوە، بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ تۆڕی کۆمەڵایەتی بەرزبۆتەوە بۆ 4.5 ترلیۆن دینار بەرزبۆتەوە.

بریکاری وەزیری پلاندانان دەڵێت: لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، عێراق گۆڕانکاری زۆر گەورە لە رووی رێگاوبان و پرد بەخۆیەوە دەبێنێت، ئەوەش هاتووە کە ژمارەی پڕۆژە دواکەوتوەکان بۆ کەمتر لە هەزار پڕۆژە کەمیکردووە.

لەلایەکی دیکە، وتەبێژی وەزارەتی پلاندان لەبارەی کەمبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان، رایگەیاندووە، رێژەی هەڵاوسان لە مانگی ئادار بەڕێژەی %0.7 کەمیکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە مانگی ئاداری ساڵی 2022 رێژەی هەڵاوسان بەرزبووەتەوە بۆ ئاستی %5.3.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندان کەمکردنەوەی رێژەی هەڵاوسانی لە عێراق گەڕاندوەتەوە بۆ کەمکردنەوەی نرخی کاڵا و شتومەک.