دیمەنی یەکێک لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران - وێنە؛ ئەرشیف
"پێگەکانی سوپای پاسدارانمان بەئامانج گرت"
هێرشی ئەمریکا بۆ سەر باشووری ئێران دەستیپێکرد
شۆڕش قادری
دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە بەندەرەکانی باشووری ئێران بیسترا و سوپای ئەمریکاش دەڵێت، لە پێگەکانی سوپای پاسدارانمان داوە.
کەمێک پێش ئێستا میدیای ئێران بڵاویکردەوە، لە شارەکانی بەندەرعەباس، قەشم، سیریک، جاسک، کێنارەک و چابەهار دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیستراوە.
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر زیانەکانی هێرشەکان بڵاونەکراوەتەوە.
هەر دوای ئەوە فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، هێزەکانیان دەستیان کردووە بە لێدانی ئامانجەکانی سوپای پاسدارانی ئێران.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم هێرشانە دوای هەوڵەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران بۆ هێرش کردنەسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و تیمەکانی خزمەتگوزاری ئەمریکا کە لە ناوچەکە جێگیر کراون، ئەنجام دراون.