١٠ ملیۆن هاوڵاتی عێراقی لەژێر هێڵی هەژاری دان

٥٪ـی دانیشتووانی هەرێم لە هێڵی هەژاری دان

+964

فەرمان سادق

بەپێی نوێترین توێژینەوەی وەزارەتی پلاندانانی عێراقی، رێژەی ٢٠٪ـی هاوڵاتیانی عێراقی لەژێر هێڵی هەژاری دایەو، لە کوردستانیش رێژەکە دەگاتە ٥٪.

توێژینەوەکە بەهاوبەشی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی و یونیسێف لە عێراق، ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجامدراوە، کۆپیەکی دەست (+964) کەوتووە.

بەپێی توێژینەوەکە بێت رێژەی ٢٠٪ـی عێراقییەکان لەژێر هێڵی هەژاری دان، بۆ ئەمەش عێراق دابەشی سەر چوار بەش کراوە، هاوڵاتیانی پارێزگاکانی باشوور بە رێژەی ٣١.١٪ لەژێر هێڵی هەژاری دان، هەرچی هاوڵاتیانی پارێزگاکانی ناوەڕاستی عێراقە رێژەکە بۆ ١١.٥٪ دادەبەزێت، بەڵام لە پارێزگاکانی باکوری عێراق، دووبارە رێژەکە بەرز دەبێتەوەو دەگاتە ٣٠.٢٪، هەرچی پێوەند بە هەرێمی کوردستانە، رێژەی هەژاری بەپێی توێژینەوەکە بێت ئەوا ٥.٥٪.

بانکی نێودەوڵەتی بۆ هێڵی هەژاری دوو پێوەری هەیە، پێوەری یەکەمیان ئەوەیە کە هەر تاکێک پێویستە رۆژانە دوو دۆلاری دەستکەوێت بۆ ئەوەی لە برسان نەمرێت، ئەو پێوەرە خۆی لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان و پێویستییەکانی تری تاک بەدوور گرتووە لە رووی پێویستی تەندروستی و پەروەردەو جلوبەرگ و کۆمەڵێک پێویستی تری رۆژانەی تاک.

هەرچی پێوەری دووەمە وەک دکتۆر نەرمین مەعروف، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق، هاوکات پسپۆڕی بودجە بە (+964)ـی راگەیاند، حیساب بۆ پرسەکانی تریش کراوە کە نابێت مانگانەی هەر کرێکارێک لە ٢٥٠ هەزار دینار کەمتر بێت.

هەر لە توێژینەوەکەی دەزگای ئاماری عێراقی کە سەر بە وەزارەتی پلاندانانە، هاتووە کە زۆرترین ئەوانەی کە هەژارن تەمەنیان لە لەدایکبوونەوە تا دەگاتە ١٤ ساڵی کە رێژەکەیان دەگاتە ٢٢.٨٪، هەرچی ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان ١٥ تا ٦٤ ساڵید دایە رێژەکەیان دەگاتە ١٥٪، ئەوانەشی تەمەنیان لە سەرووی ٦٥ ساڵی دایە رێژەکەیان دەگاتە ١٢.٥٪.

لە توێژینەوەکەدا هەندێک خاڵی تر هاتووە کە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بە یەکێک لە هۆکارەکان دادەنێت، پێوەند بە هەرێمی کوردستانیش کە لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق تێکچووەو بودجە لە بەغداوە نەهاتووە بۆ کوردستان، دابەزینی نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهان و شەڕی داعش کە بووە هۆی بڕینی بەشێک لە موچەی فەرمانبەران، بە یەکێک لەو هۆکارانە دادەنێت کە هەژاری لە کوردستان زیادی کردووە.

“بانکی نێودەوڵەتی لە گفتوگۆ دایە لەگەڵ عێراق بۆ ئەنجامدانی رووپێو بۆ ساڵی ٢٠٢٣

هەر لە توێژینەوەکەدا دەڵێ، ئەو هۆکارانە وایکردووە ئەوانەی نزیک بوونەتەوە لە هێڵی هەژاری لە کوردستان کە رێژەکەیان داگاتە ٢٢.١٪، زۆرینە توێژی فەرمانبەرانن کە لەیەککاتدا موچەیەکی زۆریان لە ساڵانی ٢٠١٦ تا ئێستا وەرنەگرتووەو لای حکومەتی هەرێم پاشەکەوت کراوە، هاوکات بەشێکیش لە موچەکانیان بە لێبڕینی جیاوازەوە وەرگرتووە، ئەمە جگە لە راگرتنی پلە بەرزکردنەوە کە یەکێکە لە هۆیەکانی زیادبوونی موچەی فەرمانبەران.

لە ئایتی عێراقیش، پارێزگاکانی باشووری عێراق بە رێژەی ٢٣.٢٪ـیان دانیشتووانەکەی نزیک بوونەتەوە لە هێڵی هەژاری، هەرچی پارێزگاکانی باکوری عێراقە کە پارێزگاکانی سەرووی بەغدا دەگرێتەوە، لەوێ رێژەکە دەگاتە ٢٦.٧٪، بەڵام پیوەند بە پارێزگاکانی ناوەڕاستی عێراق کە کەمترین دانیشتووانی لە هێڵی هەژاری دابوون، لەمەیاندا زۆرترین دانیشتووانی ئەو ناوچەیە نزیکن لە هێڵی هەژاری کە رێژەکەی دەگاتە ٢٨.٢٪.

لەدوا نەخشەی توێژینەوەکەدا کە قسە لەسەر قوڵایی هێڵی هەژاری و زیادبوونی ژمارەکە دەکات، ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەو ژمارەیەی نزیکە لە کوردستان بچنە هێڵی هەژارییەوە بە رێژەی ٠.٧ـە، کەچی لە پارێزگاکانی باکوری بەغدا رێژەکە دەگاتە ٥.٦٪، لە پارێزگاکانی ناوەڕاستیش رێژەکە دەگاتە ٢.٩٪، بەڵام بە رێژەی ٦.٨٪ دانیشتووانی پارێزگاکانی باشووری عێراق نزیکن لەوەی بچنە هێڵی هەژاری.

پێوەند بە رێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان، سیروان محەمەد سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بە (+964)ـی راگەیاند کە هیچ رووپێوێکی نوێ لەسەر ئاستی عێراق نەکراوە کە ئەوە دەربخات رێژەی هەژاری لە کوردستان و عێراق چەندە، وتی “ساڵی ٢٠١٢ ئاخیر رووپێوە لە هەرێمی کوردستان کرا بێت، ئەوای تر زیاتر توێژینەوەن، بۆیە هیچ ئامارێک نیە لە کوردستان بیسەلمێنێت رێژەی هەژاری چەندە”.

ئەو بەرپرسەی دەستەی ئاماری هەرێم، ئاشکرای کرد کە بانکی نێودەوڵەتی ساڵی رابردووش لەگەڵ حکومەتی عێراق لە هەوڵ دابوو بۆ ئەنجامدانی رووپێو، بەڵام بودجەی پێویستی بۆ دەستنیشان نەکرا.

زیاتر وتی “ئێستاش جارێکی تر بانکی نێودەوڵەتی گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق دەستپێ کردووەتەوە کە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ، بودجەی پێویست لە بودجەی گشتی تەرخان بکات بۆ ئەنجامدانی رووپێویەکە، بۆیە چاوەڕێ دەکەین لە بودجەی ٢٠٢٣ بڕە پارەیەک تەرخان بکرێت بۆ ئەنجامدانی رووپێویەکە”.