بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان خێمەیان هەڵداوە
دانیشتووانی سماقوڵی رێگایان بەڕووی بارهەڵگرەکان داخست
964+
شلێر سەعید – کۆیە
دژی کەمی خزمەتگوزاری دانیشتووانی گوندی سماقوڵی رێگایان بەڕووی بارهەڵگرەکان داخست.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26.4.2023، دانیشتووانی گوندی سماقوڵی رێگەیان بەڕووی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان داخست کە رێگاکە بەکاربهێنن بۆ گواستنەوەی بارەکانیان، خێمەیان هەڵدا و داوا دەکەن تاوەکو کێشەکەیان چارەسەر نەکرێت ئەوا رێگایەکە ناکەنەوە.
رێگای سماقوڵی، یەکێکە لەو رێگەیانەی هەولێر دەبەستێتەوە بە دەڤەری راپەڕین و پارێزگای سلێمانی، رێگایەکی ستراتیژییە و رۆژانە سەرووی 500 بارهەڵگر پێیدا تێدەپەڕێت.
دەرباز کەیفی، یەکێکە لە گەنجە بەشدارەکانی خۆپیشاندانەکە و بە 964 راگەیاند، خەڵکی دۆڵی سماقوڵی و سەرجەم گوندەکان هەستاین بە گرتنی رێگای سەرەکی نێوان سماقوڵی و هەولێر لە هەمو ئەو تانکەر و بارهەڵگرانە.
دەشڵێت: رێگاکە هەموو وێران بووە کەڵکی سەیارەی بچووکیشی نەماوە، بۆیە داوادەکەین چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزرێتە، تاوەکو ئەوکات ئێمە بەردەوامین لە رێگرتن.
حاکم تارق حەیدەری، قایمقامی کۆیە بە 964ـی وت: لە دۆڵی سماقوڵی خەڵک داوایانکردووە چیدیکە بارهەڵگرەکان بەو رێگەیە تێپەر نەبن، ئێمەش لە دوێنێوە لەگەڵ پارێزگای هەولێر لەسەر خەتین کە بارهەڵگرەکان رێگای کۆیە و سماقوڵی بەکار نەهێنن و وەک جاران رێگای پردێ بەکار بهێنن.
964 دەزانێت، دوای 16ـی ئۆکتۆبەر کە نێوانی هەرێم و حکومەتی عێراق تێکچووە، رێگای پردێ بەڕووی بارهەڵگرەکان داخراوە، ئەمەش وایکردووە تانکەرەکان بە کۆیە تێپەڕ ببن.
بەهۆی ئەوەی بوونی بارهەڵگرەکان یەکێک بووە لە هۆکارەکانی زیادبوونی رووداوەکانی هاتوچۆ، پارساڵ لەسەر داوای خەڵکی کۆیە رێگا لە بارهەڵگرەکان گیراو، ئیدی بە ناچاری رێگای سماقوڵییان بەکارهێناوە.
گوندی سماقوڵی دەکەوێتە نێوان هەردوو بازگەی سماقوڵی ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاسایشی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بووەتە رێگای چوار دەروازەی سنووری.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق