لە پشدەرە
964 ساغى دەکاتەوە؛ دەنگۆى داخستنى مەرزى کێلێ راستە؟
وریا فەتاح
لە بەیانى ئەمڕۆوە، لە ناو دانیشتوانى پشدەر و سۆشیال میدیاى ناوچەکە، باس باسى داخستنى مەرزى کێلێیە. 964 بەدواداچوونى کردووە و دەرکەوت، ئەوانەى دەوترێن قسە و قسەڵۆکن و هیچ شتێکى فەرمیى نییە.
عەباس عەزیز، بەڕێوەبەرى گومرگى راپەڕین کە لایەنى بەرپرسى مەرزەکەیە، بە 964ـى وت،”هەموو ساڵێک، جەولەیەک دەنگۆى داخستنى مەرزى کێلێ دەڕوات، بەڵام ئەوەى باس دەکرێت دەنگۆیە و هیچ راستیى و دروستى تێدا نییە”.
بەوتەى عەباس عەزیز، ئەو دەنگۆیانە لەوەوە سەرچاوە دەگرن کە حکومەتى عێراق سەرقاڵى چەسپاندنى سیستمى ئەسیکۆدایە لە مەرز و دەروازە فەرمییەکان، ئەوانەشى نافەرمین بەشێکیان گوایە دادەخرێن، بەڵام وەک دەڵێت: تائێستا هیچ شتێکى فەرمى نییە و هەمووى دەنگۆیە”.
وتیشى،”تەنانەت حکومەتى هەرێم و حکومەتى ناوەندى، تائێستا لەسەر سیستمى ئەسیکۆدا نەگەیشتوون بە رێککەوتن، هەرکاتێک ئەوان گەیشتن بە رێککەوتن ئەوکات روون دەبێتەوە، بەڵام ئەوەى باس لە داخستنى مەرزى کێلێ دەکرێت دوورە لە راستییەوە”.
مەرزى کێلێ، مەرزێکى نافەرمى هەرێمى کوردستانە کە دەکەوێتە سنوورى پشدەر لە ئیدارەى راپەڕین، هەرێمى کوردستان بە رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران دەبەستێتەوە.