داوای موڵکەکانیان دەکەن

پەروەردەی سلێمانی بەدەست وەبەرهێنەرەکانەوە هاواری لێ هەڵساوە

964+

ئاودێر عومەر – سلێمانی

داواکردنی بەشێک لە موڵکەکانی پەروەردەی سلێمانی لە لایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون هاواری لە بەڕێوەبەرایەتییەکە هەڵساندووە، بۆیە دەڵێت، هەموو داواکارییەکی لەو شێوەیە لای ئەوان رەتکراوەیە.

هەریەکە لە زەوی ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ، ئامادەیی سەرچنار، بینای بەڕێوەبەرایەتیی چالاکی وەرزشی، چاویان لەسەرە لەگەڵ هەندێ قوتابخانە، کە کەوتوونەتە سەر شەقامی بازرگانی و ستراتیژی.

تۆڕی 964 دەزانێت، پەروەردەی سلێمانی پلانی بۆ موڵکەکانی خۆی هەیە، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە هیچ کارێکیان لەسەر نەکراوە.

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، نە لە ئێستا و نە لە داهاتوودا بە هیچ یەکێک لەو داوایانە رازیی نابین و وەزارەتی پەروەردەش رەزامەند نییە.

داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی و وەبەرهێنان دەکەم، چیتر لەو داواکارییانەمان بۆ نەنێرن، دڵشاد عومەر وای وتووە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد