لە هەڵەبجە چەند مانگایەك دەستگیركران
+964
محەمەد عومەر-هەڵەبجە
شارەوانی هەڵەبجە دەستگیركردنی ژمارەیەك مانگای بەڕەڵای راگەیاند، بەوتەی شارەوانی، ئەو مانگایانە زیانیان بە شوێنە گشتیەكان گەیاندووە.
لە گەڕەكەكانی هەڵەبجە و دەوروبەری تا ئێستاش هەندێك هاوڵاتی ئاژەڵی ماڵی وەك مانگا، رەشەوڵاخ، مەڕ و بزن بەخێو دەكەن.
بەشێكیان مانگا و گوێرەكە و رەشەوڵاخەكانیان بەڕۆژ و بەشەو لە شەقامەكانی شاردا بەرەڵا دەكەن.
سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە وتی، لەلایەن چەند هاوڵاتیەكەوە سكاڵایان بۆ هاتووە، ئاژەڵە ماڵیەكان بەتایبەتی مانگا و گوێرەكە زیانێكی زۆریان بە باخەکانیان گەیاندووە .
ناڕەزایی خەڵک لەوەوە هات، ئەو ئاژەڵە بەرەڵایانە دەچنە ناو باخچە گشتیەكان و نەمامەكان دەشكێنن و هەرێز و چیمەنەكە دەشێلێن.
سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە لە پەیجی فەرمی خۆی نوسیویەتی، ئەمڕۆ ژمارەیەك مانگا و رەشەوڵاخ و گوێرەكەی بەرەڵایان لە شەقامەكانی شاردا دەستگیرکردووە.
لە بارەی چارەنوسی ئەو ئاژەڵانە 964 پەیوەندی بە شارەوانی هەڵەبجە كرد.
حەكیم نەجم، سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە بە 964ی راگەیاند، تا ئێستا سێ مانگا گەڕێندراونەتەوە بۆ خاوەنەكەیان و هەر مانگایەكیش 100 هەزار دینار غرامە كراون و بۆ هەر گوێرەكەیەكیش 50 هەزار دینار غرامە نوسراوە.
حەکیم دەڵێت: تا چەند رۆژێك ئاژەڵەكان لەلامان دەمێننەوە، ئەگەر خاوەنەكانیان نەیەن بیانبەنەوە، لە زیادكردنێكی ئاشكرادا دەفرۆشرێن.
بەپێی ئەو وێنانەی كە شارەوانی هەڵەبجە بڵاویكردونەتەوە، كۆمەڵێك مانگا و گوێرەكەن ژمارەیان نۆ دانەن و ئێستا لە شوێنی دەستبەسەراگرتنی شارەوانیدان.
پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد