238 پارچە بەرهەمی سپیایی لە رانیە دەستی بەسەرداگیرا – وێنە؛ قایمقامیەتی رانیە
"بەشێوەیەکی ناتەندروست دەگوازرایەوە"
238 پارچە بەرهەمی سپیایی لە رانیە دەستی بەسەرداگیرا
شۆڕش قادری
لە رانیە 238 پارچە بەرهەمی سپیایی دەستی بەسەرداگیرا کە دەوترێ، “بەشێوەیەکی ناتەندروست گواستراونەتەوە”.
بەپێی راگەیەنراوێکی قایمقامیەتی رانیە، لێژنە هاوبەشەکانیان، بە هاوکاری بەشی ئابووری ئاسایشی راپەڕین، لە چالاکییەکی شەوانەدا دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێک لە جۆری بارهەڵگردا گرتووە کە 238 پارچە بەرهەمی سپیایی و فرێزەری بە شێوەیەکی ناتەندروست دەگواستەوە.
شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە سەرەڕای گەرمای هاوین، ئامێری ساردکەرەوەی ئۆتۆمبێلەکەی دانەگیرساندووە، ئەوەش بووەتەهۆی ئەوەی کە سەرجەم بەرهەمەکان بەهای خۆراکییان لەدەست بدەن و تێکبچن، کە ئەوەش مەترسییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان.
سەرجەم ئەو خۆراک و خواردنەوانە دەستیان بەسەرداگیراوە و رێکاری یاسایی توندیش بەرامبەر شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە ئۆتۆمبێلەکە گیراوەتەبەر.
بەپێی رێنماییەکان، دەبێت هەموو جۆرە خۆراکێک بە ئۆتۆمبێلی ساردکەرەوە بگوازرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئامێری ساردکەرەوەکە بەبەردەوامی کار بکات و پلەی گەرمی گواستنەوە نابێت لە 25 پلەی سەدی تێپەڕ بکات.