لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی

زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلاری بەرپرسێکی پاڵاوگەی بێجی دەستی بەسەرداگیرا

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و لە پارێزگای سەڵاحەدین، زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلار و ئۆتۆمبێلێکی بەرپرسێکی پاڵاوگەی بێجی دەستیان بەسەرداگیرا.

درەنگانی شەوی رابردوو هێزێکی ئەمنی لە قەزای شەرگاتی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا هەڵیکوتایە سەر ماڵی “حەمەد جومەیلی” بەرپرسی ئەندازیارانی پاڵاوگەی نەوتی بێجی و دەستیانگرت بەسەر بڕی سێ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و 700 ملیۆن دیناری عێراقی لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی جۆری کادیلاکی گرانبەها.

محەمەد مەحمود قایممقامی قەزای بێجی بە 964ـی وت، “پاش بەدواداچونی ورد و کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری، هێزە ئەمنییەکان لە درەنگانی شەودا توانیان ئەو بەرپرسە دەستگیر بکەن و لەماڵەکەشیدا دەست بەسەر سێ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و 700 ملیۆن دیناری عێراقی و ئۆتۆمبێلێکی جۆری کادیلاکدا بگرن”.

وتیشی، لەگەڵ ئەم رووداوە، عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، بە فەرمی دانی بەوەدا ناوە کە ژمارەیەک بەرپرس و فەرمانبەری دیکەی پاڵاوگەی بێجی لە هەمان دۆسیەی گەندەڵیدا تێوەگلاون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە.

نزیکەی دوو هەفتەیە دەسەڵاتە ئیداری و ئەمنییەکانی پارێزگای سەڵاحەدین، لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەڵمەتێکی چڕیان بە فەرمانی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەستپێکردووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی دەوڵەمەند بوون.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری