لە گوندێکی دهۆک بۆمبێکی هێشوویی مەترسیدار تەقێنرایەوە – وێنە؛ دەزگای گشتی کاروباری مین
لە گوندێکی دهۆک
بۆمبێکی هێشوویی مەترسیدار تەقێنرایەوە
شۆڕش قادری
لە گوندێکی ناحیەی شێروان مەزن لە پارێزگای دهۆک بۆمبێکی هێشوویی مەترسیدار دۆزرایەوە و تەقێنرایەوە.
دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان چەند وێنەیەکی بۆمبەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، “دوای ئاگادارکردنەوەمان لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە، سەبارەت بە بوونی کەرەستەی تەقەمەنی لە گوندی (ئیدلبێ)ـی سەر بە ناحیەی (شێروان مەزن)، تیمێکی لەناوبردنی کەرەستەی تەقەمەنی چووونە شوێنەکە و (یەک بۆمبی هێشوویی)ـی مەترسیدار لە شوێنی خۆی تەقێنرایەوە”.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەوە دووەم حاڵەتی لەو شێوەیەیە کە لەو گوندە تۆمار کراوە و پێشبینی دەکرێت پاشماوەی تری لێ بێت.
دەزگای گشتی کاروباری مین داوا لە خەڵکی ناوچەکە، هاوڵاتیان و گەشتیاران دەکات، ئاگاداری خۆیان بن، زیاتر چاوکراوە بن و بە وریاییەوە بجوڵێنەوە، لە کاتی بینینی هەر کەرەستەیەکی مەترسیدار یان نامۆ، لێی نزیک نەبنەوە، دەستکاری نەکەن و دەستبەجێ پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی 182ـی دەزگای مین.