کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی نەوت - وێنە: ئاژانسەکان
عێراق یەکێکە لەوان
لە حەوت وڵات ئۆپیک بەرهەمهێنانی نەوتی زیاد کرد
ئەحمەد مستەفا
هاوپەیمانی ئۆپێك پڵەس بۆ مانگی داهاتوو بڕی 188 هەزار بەرمیل نەوتی لە بەرهەمهێنان زیاد کردووە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانە بۆ پشتگیری لەسەقامگیری نرخ لە بازاڕدا.
زیادکردنەکە حەوت وڵات دەگرێتەوە و عێراقیش یەکێکە لەوان، بەپێی راگەیەندراوەکە، سعودیە، روسیا، عێراق، كوێت، كازاخستان، جەزائیر و عومان دەگرێتەوە.
ئۆپیک پڵەس لە راگەیەندراوەکەیدا کە 964 بینوویەتی دەڵێ، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ پشتگیری لەسەقامگیری بازاڕ و خێراكردنی قەرەبوكردنەوەی زیادەی بەرهەمهێنانی پێشوو دێت، لەگەڵ پابەندبونی تەواو بەرێككەوتنی راگەیاندنی هاوكاری.
ئەو رێکخراوە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، بۆ بەردەوام بوون لە چاودێریكردنی پێشهاتەكانی بازاڕ، لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر گرنگی نەرمی نواندن و وریایی لەمامەڵەكردن لەگەڵ گۆڕاوەكانی خستنەڕوو و خواستدا.
ئۆپیک پڵەس (OPEC+) هاوپەیمانییەکی بەرهەمهێنەرانی نەوتە کە لە ساڵی 2016 دروست بووە و لە 12 وڵات پێک دێت، ئامانجی سەرەکی رێکخستنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە بۆ جێگیرکردنی نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.