پارەدانی کارەبا بووە بە کێشە

کە ئی-پسووڵە هەیە خۆتان تووشی قەرەباڵەغی مەکەن

ئەحمەد مستەفا

کۆتایی بەشێوازی کۆنی پارەدان بهێنن‌ و روو لەسیستمی دیجیتاڵی بکەن، ئەمە قسەی بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانییە و دەیەوێ بەو کارە، لێشاوی سەردانی هاوڵاتییان لە فەرمانگەکانی کارەبا کەمبکاتەوە.

رۆژانە هاوڵاتییەکی زۆر بۆ دانەوەی قەرز و پاکتاوی قەرزی ساڵانی رابردوو دەچنە فەرمانگەکانی کارەبا، بەڵام لۆد دروست دەبێ و ئاسان ناتوانن مامەڵەکانیان تەواو بکەن.

لە لێدوانێکدا بۆ نوێنەری کەناڵەکانی راگەیاندن، ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕوناکی وایکردوە ژمارەیەکی بێشوماری هاووڵاتیان لەیەککاتدا سەردانی بەڕێوەبەرێتییەکەمان بکەن بۆ پێدانی پارەی کارەباکانیان، ئەمەش فشارێکی یەکجار زۆری لەسەر فەرمانگەکە دروستکردووە.

ئەو پێی وایە باشترە چیتر کاتی خۆیان لەسەرەگرتنی درێژدا بەفیڕۆ نەدەن‌ و سوود لەسیستمی “ئی-پسووڵە”و پێدانی ئەلیکترۆنی وەربگرن کە ئاسانکارییەکی گەورەی وەزارەتی کارەبایە بۆ هاوڵاتییان.

ئی-پسوولە سەکۆیەکی فەرمی و دیجیتاڵی پارەدانی خزمەتگوزارییەکانە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان (وەک پارەی کارەبا، ئاو و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی تر). ئەم سیستمە بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییان دروستکراوە بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی خێرا پسووڵەکانیان ببینن و پارەکانیان بدەن.

بە گوێرەی داتایەکی کارەبای سلێمانی، تەنیا لەماوەی 8 مانگی رابردوودا، 185 هەزار و 822 هاوبەشی کارەبا متمانەیان بەسیستمی ئی-پسووڵە بەخشیوە و بەشێوازی ئەلیکترۆنی پشکنین‌ و پارەدانیان ئەنجامداوە.