ئه‌مڕۆ مۆندیالی ٢٠٢٢ ده‌ستپێده‌كات و چاوه‌كان له‌سه‌ر قه‌ته‌ڕن

+964

ئەرسەلان عەبدوڵلا – هه‌ولێر

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠ـی تشرینی دووه‌م، بە یاری نێوان قەتەڕو ئیکوادۆر یارییه‌كانی مۆندیالی ٢٠٢٢ له‌ قه‌ته‌ڕ ده‌ستپێده‌كات، كه‌ نزیكه‌ی مانگێك ده‌خایه‌نێت و رووداوێكی گه‌وره‌ و مێژوویی وه‌رزشییه‌.

ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ به‌ قورئان ده‌ستپێده‌كات
کاتژمێر شه‌شی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی مۆندیال له‌ یاریگه‌ی “ئه‌لبه‌یت” به‌ڕێوە دەچێت. یاریگایەکە ‌ ٦٠ هه‌زار هانده‌ر له‌خۆده‌گرێت و ده‌كه‌وێته‌ شاری خوڕ، كه‌ نزیكه‌ی ٥٠ كیلۆمه‌تر له‌ ده‌وحه‌ی پایته‌خته‌وه‌ دووره‌.

لیژنه‌ی رێكخستنی مۆندیال رایگه‌یاندووه‌، ده‌ستپێكی ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی مۆندیال به‌ چه‌ند ئایه‌تێك له‌ قورئانی پیرۆز ده‌بێت به‌ ده‌نگی قورئانخوێن غانم موفتاح، كه‌ مێردمنداڵێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته‌.

دواتر چه‌ند نمایش و بڕگه‌یه‌كی هونه‌ری و كلتوری دێنه‌ پێشكه‌شكردن، كه‌ به‌ گشتی گوزارشت له‌ كلتور و فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بی و وڵاتی قه‌ته‌ڕ ده‌كات، دواتریش كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی عه‌ره‌بی و جیهانی به‌شداریی ئاهه‌نگه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

٣٢ هه‌ڵبژارده‌ به‌شدارن
له‌ مۆندیالی قه‌ته‌ڕدا ٣٢ هه‌ڵبژارده‌ به‌شداریی ده‌كه‌ن، كه‌ به‌سه‌ر هه‌شت كۆمه‌ڵه‌دا دابه‌شكراون، یارییه‌كانیش له‌ هه‌شت یاریگه‌ی جیاواز به‌ڕێوه‌ده‌چن و یاریی كۆتاییش له‌ رۆژی ١٨ـی مانگی داهاتوو ده‌كرێت.

یاریی كردنه‌وه‌ی مۆندیال له‌ نێوان هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی قه‌ته‌ڕی میواندار و ئیكوادۆر ده‌بێت له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌مدا، كه‌ كاتژمێژ حه‌وتی ئێواره‌ بە کاتی کوردستان ده‌ستپێده‌كات.

مۆندیالی قه‌ته‌ڕ زۆر جیاوازه‌
مۆندیالی قه‌ته‌ڕ، ٢٢ـەمین مۆندیاله‌ له‌ مێژووداو یەکەم مۆندیالیشە له‌ وڵاتێكی عه‌ره‌بی و ئیسلامی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌نجام بدرێت، یه‌كه‌مجاریشه‌ له‌ وه‌رزی زستاندا به‌ڕێوه بچێت، ئه‌مه‌ش جیاوازییه‌كی زۆری دروست كردووه‌، به‌و پێیه‌ی له‌ ناوه‌ڕاستی وه‌رزی تۆپی پێی وڵاتانی جیهاندا ده‌كرێت.

هاوكات وڵاتی قه‌ته‌ڕ، چه‌ندین رێنمایی و رێسایه تایبه‌تی به‌ هانده‌ران و گه‌شتیاران راگه‌یاندووه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ بابه‌تی خواردنه‌ كحولییه‌كان و جگه‌ره‌كێشان له‌ ناو یاریگه‌كان و پاراستنی دابونه‌ریت و كلتوری عه‌ره‌بی و ئیسلامیی وڵاته‌كه‌، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی جیاوازی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌‌‌.

زیاتر له‌ ملیۆنێك هانده‌ر

تا ئێستا به‌ پێی ئاماره‌كانی لیژنه‌ی رێكخستنی مۆندیال، دوو ملیۆن و ٩٨٠ هەزار بلیتی یارییه‌كان فرۆشراون، تا ئێستاش‌ زیاتر له‌ ملیۆنێک هانده‌رو گه‌شتیار گەیشتوونەتە قه‌ته‌ڕ، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ژماره‌ی دانیشتووانی قه‌ته‌ڕ بەپێی ئامارە فەرمییەکان له‌ ٢٠٢٢، دوو ملیۆن و ٩٨٠ هەزارو ٣٣٨ كه‌سه‌.

هه‌شت یاریگه‌ بۆ مۆندیال
وڵاتی قه‌ته‌ڕ بۆ میوانداریكردنی مۆندیال، هه‌شت یاریگه‌ی ئاماده‌كردووه‌، كه‌ شه‌ش یاریگه‌یان تایبه‌ت به‌ مۆندیال دروست كراون و دوو یاریگه‌ش نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه‌.

به‌ربژێری نازناوه‌كه‌
به‌ پێی بۆچوون و خوێندنه‌وه‌ی چاودێران و شرۆڤه‌كارانی تۆپی پێ، بۆ مۆندیالی قه‌ته‌ڕ هه‌ریه‌كه‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌كانی “به‌رازیل، فه‌ره‌نسا، ئه‌رجه‌نتین، ئه‌ڵمانیا و ئینگلته‌را” به‌ربژێری سه‌ره‌كیین بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌.