دیمەنی گەڕانەوەی گەنجەکان - وێنە: ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان
شەش گەنجی دیکە گەڕانەوە
بۆ کۆچکردن بەکارهێنانی رێگای لیبیا 87% کەمی کردووە
ئەحمەد مستەفا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پێنجشەممە 29.10.2026، شەش گەنجی دیکەی خەڵکی دەڤەری راپەڕین، دوای رزگارکردنیان لە لیبیا، بە سەلامەتی گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان.
ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەشتنەوەی گەنجەکانی بڵاوکردەوە و دەڵێ، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ونبوونی ژمارەیەک گەنج، بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت، وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەنگاویان بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانە ناوە.
دوای گەیشتنیان بە فڕۆکەخانە و ئەنجامدانی پشکنینی تەندرووستی، تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ گەنجەکان رادەستی خێزانەکانیان کردووەتەوە.
لە هەمان کاتدا، 14 گەنجی دیکە لە زیندانەکانی لیبیا دۆزراونەتەوە و پرۆسەی گەڕاندنەوەیان دەستی پێکردووە. هەروەها، گەڕان بۆ دۆزینەوەی 10 گەنجی ونبووی دیکەی راپەڕین بەردەوامە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بەهۆی هەنگاوەکانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی، بەکارهێنانی رێگای لیبیا 87% کەمی کردووە.