پێنج مانگە موچەیان وەرنەگرتووە

٤٠ کارمەندی نەخۆشخانەی قەڵا دەستیان لەکار کێشایەوە

964+ هونەر فارس – گەرمیان

٤٠ کارمەندی نەخۆشخانەی قەڵا لە گەرمیان، بەهۆی پێنەدانی موچەی پێنج مانگ وازیان هێنا.

نەخۆشخانەی قەڵا، ساڵی ٢٠٢٠ بۆ نەخۆشانی تووشبوو بە کۆرۆنا دروست کرا، ١٤٠ کارمەندی بەشێوەی گرێبەست بۆ دامەزرێندرا، بەڵام نەخۆشخانەکە تووشی قەیرانی دارایی بووەو موچەی کارمەندەکانی بۆ دابین ناکرێت.

ئالان فەرهاد، یەکێکە لەو کارمەندانەی کە دەستی لەکار کێشاوەتەوە، بۆ میدیازان وتی “پینج مانگە موچەمان پێ نەدراوە، چەند مانگێکیشە خواردنەکەمان بڕدراوە، بۆیە بەردەوام کارمەندەکان دەستلەکار دەکێشنەوە”.

دوای کەمبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، نەخۆشخانەی قەڵا کرایە نەخۆشخانەی چاودێریی ورد و نەخۆشییە گوازراوەکان.

ئەو نەخۆشخانەیە، پێشتر لەلایەن ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان مانگانە ٥٧ ملیۆن دینارییان بۆ دابیندەکرا، بەڵام ئێستا بڕی پارەکە بۆ ٣٥ ملیۆن دینار کەم کراوەتەوە.

دکتۆر حارس محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی کەلار کە سەرپەرشتی نەخۆشخانەکەی کۆرۆناش لە گەرمیان دەکات، دەڵێ، کەمبوونەوەی بودجە هۆکار بووە لەوەی ژمارەی کارمەندەکان کەم بکەینەوە.

دکتۆر حارس محەمەد، بە 964ـی وت “هەر ئەوەندە بودجەیەمان لەبەردەستە کە بتوانین مامەڵەی پێوە بکەین”.