بەتۆمەتی دزینی قاسەیەکی پڕ لە پارە و چەند پارچە زێڕ سێ کەس دەستگیر کران – وێنە؛ پۆلیسی گەرمیان
سێ کەسن و لە کەلار فێعلەکەیان کردووە
قاسەیەکی پڕ لە پارە و چەند پارچە زێڕێکیان لە ماڵێک دزی؛ دەستگیر کران
شۆڕش قادری
سی پیاوی زل و زەبەلاح چوونە سەر ماڵێکی کەلار، قاسەیەیکی پڕ لە پارە و دەمانچەیەک و چەند پارچە زێڕێکیان لەکۆڵ نا، پۆلیس دۆزینیەوە و قۆڵبەستی کردن.
“دوای ئەوەی هاوڵاتیەک لەبەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان سکاڵای تۆمار کرد و پۆلیسی ئاگادار کردەوە کە لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی شەهیدانی قەزای کەلار قاسەکەی دزراوە، کە بڕێکی زۆر پارە و ئاڵتونی تێدایە، دەستبەجێ دوای لێکۆڵینەوەی ورد و بەدواداچوون، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان توانیان سێ تۆمەتبار دەستگیر بکەن”، ئەمە قسەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیانە.
ئەو سێ کەسە پێکەوە تاوانەکەیان ئەنجامداوە، لەکاتی دەستگیرکردنیان دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیاندا گیراوە کە تاوانەکەیان پێ ئەنجامداوە.
تۆمەتباران دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە و وتوویانە، بڕی 7500 دۆلاری ئەمریکی و دەمانچەیەک و چەن پارچە ئاڵتونێکیان لەنێو قاسەی سکاڵاکار دزیوە.
هێزەکانی پۆلیس دەستیان بەسەر کەرەستە دزراوەکاندا گرتووە و بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 443 هەرسێ تۆمەتبارەکە راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.