بەتەمەنترین ژنی سۆران کۆچی دوایی کرد
964+
ئاسۆ وەرتی – سۆران
فاتیمە سلێمان ئهحمهد، كه بەتەمەنترین ژنی ئیدارەی سۆران بوو، له تەمەنی 110 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
فاتیمه سلێمان، زیاتر لە سەدەیەک لە گوندی هەسنانی سەر بە قەزای سۆران ژیانی بەسەربرد، چەندان یادگاری لە دوایی خۆی لە گوندەکەیدا جێهێشت، دوای ئهوهی دوێنێ دووشممه 10.4.2023 كۆچی دوایی كرد.
سەلیم مهغدید کوڕی پوره فاتیمە بە 964ی وت، “دایکم ژنێکی شۆرشگێر و خانەدان بوو، خزمەتی زۆری بە شۆرشەکانی کوردستان کرد بەبێ جیاوازی، له ناو گوندەکەشیدا دەستێکی باڵای هەبوو له ئاشتەوایی و کاری خێرخوازی و بە تایبەت سەردەمانێک دکتۆر و رێگهی گوند نەبوو، ئهو مامانێکی شارەزابوو”.
ههروهها دهڵێت، “دایكم یارمەتی چەندان ئافرەتی گوندەکەی دەدا و بە بەرهەمە خۆماڵییەکانی گوندەکە، دەرمانی کوردەواری بۆ نەخۆشەکان دروست دەکرد”.
سەلیم باس لەوەش دەکات، تا ساڵانی کۆتایی هیچ چارەسەرێکی پزیشکی بەکارنەهێنا و دۆخی تەندروستی زۆر باش بوو، هیچ نەخۆشییهکیشی نەبوو.
فاتیمە سلێمان لهدایكبووی 1917 بوو، خوشکی گەورەی خێزانەکەیان بوو، لە تەواوی خێزانەکەیاندا تەنیا خوشكێکی ماوە، خوشک و براکانی دیكهی کۆچی دواییان کردووە.
لە هەرێمی کوردستان ژنی بەتەمەنتر هەیە و لە فاتیمە سلێمان بەتەمەنترە، یەکێک لەوانه لە سنووری پارێزگای دهۆکە بەناو (رەوشێ قاسم)، كه بەتەمەنترین ژنه لە هەرێمی کوردستان و باس لەوە دەکرێ، یەکێکە لە ژنه بەتەمەنهکانی جیهان و تەمەنی 136 ساڵە و دۆخی تەندروستیشی جێگرە.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا