![لە کەلار داوای داخستنی شوێنەکانی ماسی برژاندن دەکرێت](https://ku.964media.com/storage/2022/11/دددد.jpg)
Social Media
لە کەلار داوای داخستنی شوێنەکانی ماسی برژاندن دەکرێت
964+
هونەر فارس – کەلار
بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی لە گەرمیان داوای لە قایمقامیەتی کەلار کردووە، شوێنەکانی ماسی برژاندن دابخرێن، تاوەکو ئەوکاتەی مەرجەکان جێبەجێ دەکەن.
ئەو بەڕێوەبەرایەتیە هۆکاری داواکارییەکەی بۆ بڵاوبوونەوەی دوکەڵ و بۆنی ناخۆش گەڕاندووەتەوە، بەهۆی ماسی برژاندن.
لە نوسراوەکەدا، کە 964+ بینیویەتی، مەرجەکان روون نەکراونەتەوە، بەڵام خۆیان لە لایەنی تەندروستی و پاک و خاوێنی دەبیننەوە.
تۆفیق محەمەد، بەرپرسی بەشی چاودێری تەندروستی گەرمیان بۆ 964+ وتی، “بەهۆی سکاڵای هاوڵاتیان بە بۆنەی دوکەڵ و بۆنی ناخۆش لە سێ مانگی رابردوو، داوامان کردووە دوکاندارەکان کوورە لە دوکانەکانیاندا دروست بکەن، هەروەها بە بەرزی دوو مەتر دووکەڵکێش دورست بکەن بۆ ئەوەی دوکەڵ و بۆنی ناخۆش نەبێتە هۆی بێزاری هاوڵاتیان”.
بە قسەی ئەو، پێشتر ئاگاداریان کردوونەتەوە، بەشێک لە دوکاندارەکان مەرجەکانیان جێبەجێ کردووە، بەڵام بەشی زۆریان تاوەکو ئێستا پابەند نەبوون بەو مەرجانەوە.
![](https://krd964.wpengine.com/wp-content/uploads/2022/11/nwsraw-724x1024.jpg)