لە کورسى دواوە

کورسى پێشەوەى هێلەکان 7 هەزار گرانترە

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

لەسەر ئەوەى زۆربەى سەرنشینانى نێوان شارەکان خۆیان بۆ کورسى پێشەوە دەکوتن، نرخى کورسى پێشەوە گرانترە بەراورد بە دواوە، لە نێوان سلێمانى و هەولێریش کورسى پێشەوە پێنج هەزار دینار گرانترە.

شۆفێرانى گەراج بەغدا لە هەولێر، وەکخۆیان دەڵێن گرفتارن بەدەست کورسى پێشەوە، چونکە زۆربەى سەرنشینان دەیانەوێت لە پێشەوە سەربکەون نەک دواوە، بۆنمونە لە مینى پاسێکى 14 سەرنشینى بەلاى کەمەوە 5 کەس داواى کورسى پێشەوە دەکەن.

ئەم رکابەرییە واى کردووە، لە هێڵى نێوان (هەولێر بەغدا) و (هەولێر- سلێمانى)، نرخى کورسى پێشەوە بەراورد بە دواوە، پێنج هەزار دینار گرانتر بێت، بۆنمونە کورسى پێشەوە لە هێڵى نێوان سلێمانى بۆ هەولێر لە 20 هەزار دینارە و کورسى دواوە 15 هەزار دینار، بەنزین گرانییەکەش دوو هەزار دینارى ترى خستووەتە سەرو بۆ 22 هەزار و 17 هەزار دینار بەرز بوونەتەوە.

سەید فەلاح کە شۆفێرێکى گەراجەکەیە لەسەر ئەو بابەتە بە 964ـى وت،”جاران کە کورسى پێشەوە و دواوە نرخەکەى وەک یەک بوو، زۆربەى سەرنشینان دەهاتن و دەیانوت نەخۆشین و عەمەلیاتین ناتوانین لە دواوە دابنیشین، بەڵام کە نرخى کورسى پێشەوە گرانبوو، نەخۆشى نەماو هەموویان چاکبوونەوە”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح