تیمەکان سەرقاڵن
ئەمشەو ناخەون؛ بۆرییە شکاوەکەى سلێمانى چاک دەکەنەوە
وریا فەتاح
تیمەکانى بەڕێوەبەرایەتى ئاوى سلێمانى، خەو لە چاویان بڕاوە و بەم نیوەشەوە سەرقاڵى چاککردنەوەى بۆریە شکاوەکەن و بەڕێوەبەرى ئاوى سلێمانیش موژدەى دڵخۆشکەرى پێیە کە تا سبەى چاکى دەکەنەوە.
ئەم بەیانییە لە کاتی کارکردنی کۆمپانیایەک لە ناوچەکەدا، بەهۆی بەرکەوتنی حەفارەکەیانەوە، بۆریی سەرەکی گواستنەوەی ئاوی دوکان – سلێمانی (هێڵی دوو) شکێنرا و بەهۆیەوە ژمارەیەک گەڕەکى سلێمانى و چەند قەزا و ناحیە و گوندێکى دەورووبەرى بێ ئاوبوون.
بەم نیوەشەوە، تیمەکانى بەڕێوەبەرایەتى ئاوى سلێمانى، سەرقاڵى چاککردنەوەى بۆریەکەن. بەختیار شێخ تاهیر، بەڕێوەبەرى ئاوى سلێمانى لە شوێنى چاککردنەوەى بۆریەکە بە 964ـى وت،”تیمەکانمان ناخەون تا سبەى لە کاتژمێر 8 بۆریەکە چاک دەکەنەوە”.
لە ئێستادا، بۆرییە شکاوەکە لێکراوەتەوە و تیمەکان سەرقاڵى دروستکردن و چاککردنەوەى ئەو بەشەن کە بە بۆرییەکەیەوە دەلکێنن.
روونیشى کردەوە، ئەو لایەنەى هۆکاربووە لە شکاندنى بۆرییەکە، تێچووى چاککردنەوەکەى گرتووەتە ئەستۆ.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح