گوندێکی تازە بۆ خەڵکی کۆجۆ دروست دەکرێت

964+

عەمار عەزیز-دهۆک

ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدان، لەسەر پێشنیازی نادیە موراد هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ گوندێک دروست دەکەن کە جێگەی 150 خێزانی تێدا دەبێتەوە.

ئەو گوندەی بڕیارە دروست بکرێت، هەر چوار کیلۆمەترێک لە گوندی کۆجۆی کۆن دوورە.

سەڵاح حەسەن، بەڕێوەبەری هەماهەنگی پڕۆژەکەیە بە 964ی وت “دوای وەرگرتنی بۆچوونی خەڵکی کۆجۆ هەموویان رازی بوون کە گوندێکی تازە لە نزیک کۆجۆ دروست بکرێت، بەمەرجی ئەوەی گوندەکەی پێشوو دەستکاری نەکرێت”.

بەگوێرەی زانیاری 964 خانووەکان وەکو یەک نین، دوو جۆرن هەیانە 150 مەتر و هەندێکی دیکەشیان 200 مەترین.

لە ساڵی 2014 کاتێک رێکخراوی داعش هێرشی کردە سەر دەڤەری ئێزدی نشینەکان، گوندی کۆجۆ کە هەزار و 744 کەسی لێ دەژیا، بەشی هەرە زۆری دانیشتووانەکەی لەلایەن ئەو رێکخراوەوە کوژران، نادیە موراد یەکێک بوو لە دەربازبووەکانی ئەو گوندە.

سەلاح حەسەن، ئەوەشی وت “تا ئێستا هیچ خێزانێک نەگەڕاوەتەوە ناو گوندی کۆجۆ، ئەوەش بەهۆی ئەو وێرانکارییەی بەسەر خەڵکەکەی هاتووە و نۆژەن نەکراوەتەوە”.

ئەو گوندە نوێیەی بڕیارە دروست بکرێت بەو کەسانە دەدرێت کە دەبێت خەڵکی ئەو گوندە بن، هاوکات بڕیارە قوتابخانە، نەخۆشخانە، ژمارەیەک باخچە و  شەقامی بۆ دروستبکرێت.

بەوتەی بەرپرسانی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، مامەڵەی دروستکردنی خانوەکان دراوەتە حکومەتی عێراق، لەگەڵ وەرگرتنی رەزامەندی، دەست بە دروستکردنی دەکرێت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی