لینکی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ بڵاوکرایەوە
964+
فەهمی نەبی
ئەنجومەنی راژەی حکومەتی عێراق، دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی خوێندکارانی زانکۆی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئەو لینکە بێت تەنیا سێ یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکانی عێراق و ناوچە دابڕاوەکان دامەزراون، تا ئێستا خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لەو دامەزراندنە بەدەرن.
لە کانونی دووەمی ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا، داوای لەسەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم کرد، بەپەلە ناوی سێ یەکەمی 17 ساڵی رابردوو ئەوانەی دانەمەزراون بۆ وەزارەت بنێرن، چونکە حکومەتی عێراق دایاندەمەزرێنێت.
بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ 964 وتی “پێشوتر ئەنجومەنی راژە پێیان وتووم بەڵێ ئەو دامەزراندنە خوێندکارانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەڵام گرفتەکە لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقە، لەبەر ئەوەی یەکەمجارە ئەم پرۆسەیە بۆ هەرێم هەبێت”.
بە وتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران، گرفتەکە پەیوەندی بە پرسی دانپیانانی کۆمەڵێک زانکۆی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە، دەڵێت: وەزیری خوێندنی باڵای عێراق پێی وتوین کۆمەڵێک زانکۆمان هەن لای هەرێم دانپێنراو نییە و کۆمەڵێک زانکۆی هەرێم هەیە لای ئێمە هێشتا دانپێنراو نییە.
بڕیار رەشید ئەوەشی وت “وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق داوا دەکات هەرێم دان بە زانکۆی قەڵەم بنێت کە هیچ ئاستێکی نییە، لەبەرامبەردا عێراق دان بە زانکۆی گەرمیان دەنێت”.
964 سۆراغی ئەو پرسەی کرد، کە ئایا ئەمجارە کات دەمێنێت بۆ ئەوەی بڕیارێک بێت سێ خوێندکارە یەکەمەکانی هەرێم دابمەزرێن، بڕیار رەشید وتی “ناتوانین هیچ وادەیەک دابنێین، من متمانەم پێیان نییە، چونکە زوو زوو قسەکانیان دەگۆڕن”.
سێ یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکانی عێراق و ناوچە دابڕاوەکان، دەتوانن لێرە ناوەکانیان بدۆزنەوە.