هیچ زیانێکی گیانی نەبووە

درۆنێک مەرزی تریبیلی نێوان عێراق و ئوردنی کردە ئامانج

ژێوار خدر

مەرزی نێودەوڵەتیی تریبیل لەسەر سنووری ئوردن لەرێگەی درۆنێکەوە کرایە ئامانج، ئەمەش وەک وەڵامێکی خێرا بۆ ئەو بەیاننامەیەی “بەرەی مقاوەمەی عێراقی” دەبینرێت کە تێیدا داوای داخستنی مەرزەکە و بڕینی نەوتی ئوردنیان کردبوو وەک سزایەک بەرامبەر هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە بۆ ئەمریکا.

سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ، بە درۆن دەروازەی نێودەوڵەتیی تریبل  لە نێوان عێراق و ئوردن کراوەتە ئامانج و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

وتیشی، ئەم هێرشەش دوای چەند کاتژمێرێک دێت لە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکەی بەرەی مقاومە، تیایدا گرووپە چەکدارەکان ئوردنیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە رێگەی داوە فڕۆکە ئەمریکییەکان خاکەکەی بەکاربهێنن بۆ لێدانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، هەر بۆیە داوایان لە حکومەتی عێراق کردبوو مەرزی تریبیل بە تەواوی دابخات و رێگری لە ناردنی نەوتی عێراق بۆ ئەو وڵاتە بکات،  ئەم هێرشەش رەنگە سنوری عێراق و ئوردن دابخات.