سی و یەک ساڵە کورتان دەدورێت

میدیازان – مەجید بتوێنی – راپەڕین

ماوەی ٣١ ساڵە لە رێگەی کورتان دورین بۆ ئەسپ و هێستر و گوێدرێژ، بژێوی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵەکەی دابین دەکات، ئەو ئیبراهیم عەبدوڵای تەمەن ٥٥ ساڵە لە قەزای حاجیاوای دەڤەری راپەڕین.

بە گێڕانەوەی خۆی، لە ساڵی ١٩٩١ەوە، دەستی بەو پیشەیە کردووە و هێشتاش بەردەوامە، “هەتا هێزم مابێت بەردەوام دەبم و لەگەڵ ئیشەکەم ئاسودەم”، وای بە میدیازان وت.

ئیبراهیم نیگەرانە لەوەی ئەو پیشەیە بەرەو لەناوچوون بچێت، چونکە بە قسەی خۆی، لە حاجیاوا و دەوروبەری، تەنیا ئەم و کەسێکی دیکە ماون کورتان بدورن.

ساڵی رابردوو، ویستویەتی واز لە پیشەکەی بهێنێت، بەهۆی ئەوەی بازاڕ کزبووە، بەڵام دەڵێت، ئەمساڵ بازاڕ گەرموگوڕە و وازناهێنێت.

ئەو هۆکاری گەرموگوڕییەکەی بۆ دابەش نەکردنی بەشە نەوتی ماڵان گەڕاندەوە، هاوڵاتیانی ناوچە سەخت و شاخاوییەکان ناچارن لە رێگەی ئاژەڵە باربەرەکانەوە بە دەبەی ٢٠ لیتری نەوت بگوازنەوە.

ئیبراهیم هەر بە دەم کارکردنەوە، زیاتر باسی کورتان دورینی بۆ کردین، “دروستکردنی کورتان خولیاو سەلیقەی خۆی دەوێت لەبەرئەوەی دەبێت کەسەکە بزانێت چۆن قوماشەکان بە ئەندازە دەبڕێت، چەند گیای (جەگەن)ی تێ دەکات کە جۆرە گیایەکی تایبەتە بەو کارە لە زۆنگاوەکان دەڕوێت، پاشان بەکارهێنانی دەرزی و سوژن و تەقەڵدانی و لێنانی دەسک و شوێنی دانیشتنی لە شێوەی کورسی ئۆتۆمبێل”.

میدیازان پرسیاری نرخی کورتانەکانی لێکرد، دەرکەوت هەر کورتانێک لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٥ هەزار دینار دروست دەکات.