هاککەرێک
لە حاجیاوا دەستگیرکرا؛ بە بیانووی بردنەوەی خەڵات فەیسبووکی خەڵکی هاک دەکرد
964+
وریا فەتاح
بە بیانووی دەرچوونی خەڵاتی گرانبەها پەیوەندیی بە هاووڵاتیانەوە دەکرد و بە وەرگرتنی کۆدێک هەژمارەکانی دەدزین، گەنجێکی دانیشتووی هەولێر دوای تۆمارکردنی چەندین سکاڵا، لەلایەن پۆلیسی حاجیاواوە دەستگیر کرا.
بەپێى راگەیەندراوى پۆلیسى راپەڕین، چیرۆکەکە لە ماوەی رابردوودا دەستیپێکرد، کاتێک چەند هاووڵاتییەک سەردانی بنکەی پۆلیسی حاجیاوایان کرد و سکاڵایان تۆمار کرد کە هەژماری فەیسبووکەکانیان هاک کراوە. سکاڵاکاران باسیان لەوە کردبوو کە تۆمەتبارەکە دوای دەستبەسەرداگرتنی هەژمارەکانیان، نامەی بۆ هاوڕێکانیان ناردووە و داوای باڵانسی لێ کردوون، پاشان هەموویانی بلۆک کردووە.
دوای ئەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە رێکخرا و دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارە نەناسراوەکە دەرکرد بەپێی ماددەی 2 لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، هێزەکانی بنکەی پۆلیسی حاجیاوا دەستیان بە بەدواداچوونی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری کرد. لە ئەنجامدا توانرا تۆمەتباری سەرەکی بە ناوی (ج.خ.ع)، لەدایکبووی ساڵی 2005 و دانیشتووی شاری هەولێر دەستگیر بکرێت.
لە کاتی لێکۆڵینەوەدا تۆمەتبارەکە دانی بە تەواوی پیلانەکەیدا ناوە و گێڕاویەتییەوە کە چۆن هاووڵاتیانی خستووەتە تەڵەوە، ئەو هەژمارێکی ساختەی فەیسبووکی بە ناوی کۆمپانیایەکی کەلوپەلی کارەباییەوە دروست کردووە، پاشان تەلەفۆنی بۆ هاووڵاتیان کردووە و بە بیانووی ئەوەی خەڵاتی گرانبەهایان بۆ دەرچووە، داوای کۆدی هەژمارەکانی لێ کردوون. کاتێک هاووڵاتیانیش کۆدەکەیان پێ داوە، فەیسبووکەکانی هاک کردوون و بە ناوی ئەوانەوە داوای باڵانسی هێڵەکانی ئاسیا و کۆڕەکی لە هاوڕێکانیان کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین، لە ئێستادا تۆمەتباری ناوبراو بەپێی ماددەی 2 لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.