پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
راگەیەندراوی بڵاوکردەوە
وتەبێژی حکومەت: هەر جوڵەیەکی سەربازی دەبێت پێشمەرگە لێی بەرپرس بێت
ئەحمەد مستەفا
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دروستکردنی هاوسەنگی و پاراستنی ئاشتی لە عێراق، بە رێزگرتن لە دەستوور و فیدراڵیزمی هەرێمی کوردستانەوە دەست پێدەکات، نەک بە لاوازکردنی هێزەکانی هەرێم.
هەورامانی بە ئاماژەدان بە ماددەی 121ی دەستووری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 26.11.2026 وتی، پێشمەرگە وەک هێزی پاراستنی هەرێم ناسێنراوە و هەر جوڵەیەکی سەربازی لە ناو هەرێم دەبێت لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی ئەم هێزەدا بێت.
وتەبێژی حکومەت دەشڵێ، رۆڵی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی هەموو پێکهاتەکانی کوردستانە و رەوایەتیی هێزەکانی هەرێم لە دەستوور و ئیرادەی خەڵکی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت.
هەورامانی لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا دەڵێ، گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا تەنیا کاتێک دەگەنە ئەنجام کە هەموو لایەنەکان بە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی و دەستووری لە ناو عێراقدا رێز بگرن.