دوێنێ داخرا
داخستنی مەرزی پشتە زیاتر لە 1500 کەسی بێکار کرد
میلاد جەلال- گەرمیان
لە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممەوە مەرزی پشتە لە سنووری ناحیەی بەمۆ، لەلایەن فەوجی 3ی لیوای 21ی هێزی پاسەوانی سنوورەوە داخراوە. لە هەردوو دیوی ئێران و کوردستانیشەوە بە شۆفڵ خۆڵ کراوەتە پێش دەرگای مەرزەکە و هیچ جووڵەیەکی بازرگانی و هاتوچۆی تێدا نەماوە.
بەهۆی داخستنی مەرزەکەوە، زیاتر لە 1500 کەس بێکار بوون، کە بریتین لە نزیکەی 1450 شۆفێر و کرێکار لەگەڵ 100 کارمەندی مەرزەکە.
سەبارەت بە جموجۆڵی بازرگانی، پێش شەڕی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، رۆژانە 180 بارهەڵگر دەچوونە دیوی ئێران بۆ هێنانی بار، لە کاتی شەڕەکەدا ئەم ژمارەیە بۆ نزیکەی 90 بارهەڵگر دابەزی و دواتر بەرز بووەوە بۆ 130 بارهەڵگر لە رۆژێکدا. دیارترین ئەو کاڵایانەشی لەم مەرزەوە هاوردەی کوردستان دەکران بریتی بوون لە؛ پلاستیک، کاشی، بەرد، کێک و پسکیت، خواردەمەنی و مۆبیلیات.
لە رووی داهاتیشەوە، پێش شەڕەکە داهاتی ڕۆژانەی مەرزی پشتە لە نێوان 400 بۆ 500 ملیۆن دیناردا بووە، بەڵام دوای شەڕەکە داهاتەکەی بۆ 250 ملیۆن دینار لە رۆژێکدا کەم بووەتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح