بە هاوبەشی لەگەڵ پێشمەرگە رێڕەوەکانی نەوتی قاچاغ دادەخەن

هێزێکی سوپای عێراق گەیشتە سنووری داودە


سیروان خورشید – خورماتوو

هێزێکی سوپای عێراق بە چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی و شۆفڵەوە گەیشتنە چوار ریانی ناوچەی داودە لە سنوری خورماتوو، بڕیارە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە ئەو رێگایانە دابخەن کە نەوتی قاچاغیان پێدا دەبردرێت.

عەدنان جومعە، ئەفسەر لە لیوای 16ـی هێزەکانی پێشمەرگە بە964ـی وت،” ئەو هێزەی سوپای عێراق ماوەی کەمتر لە نیو کاتژمێرە گەیشتوونەتە ناوچەکە و لە بەرامبەر هێزەکانی لیوای 16 و بەرگری فریاکەوتنی پێشمەرگە جێگیر بوون و رێگاکەیان داخستووە”.

بە وتەى جومعە، بڕیارە هێزەکەی سوپای عێراق لەگەڵ هێزێکی لیوای 16ـی پێشمەرگە بەرەو ئەو شوێنانە بەڕێبکەون کە نەوتی قاچاغی پێدا دەڕوات.

” هێزەکە ژمارەیەک هەمەڕی سەربازی و شۆفڵیان لەگەڵ خۆیان هێناوە بە مەبەستی داخستنی تەواوەتی ئەو رێڕەوانەی بۆ قاچاغچێتیی نەوت بەکاردەهێنرێن و رێڕەوێکیش داخرا”، ئەفسەرەکەى پێشمەرگە واى وت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح