ئەم ئێوارەیە دادەخرێت؟
لەبارەى داخستنى مەرزى کێلێ؛ گومرگى راپەڕین لە 964ـەوە روونکردنەوە دادات
وریا فەتاح
لە بەیانیی ئەمڕۆوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی داخستنی مەرزی نێودەوڵەتیی کێلێ بڵاوبووەتەوە. ئەم دەنگۆیانەش دوای بڕیارەکانی عەلی زەیدی دێن بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەروازە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و داخستنی مەرزە لاوەکییەکان، بەتایبەتیش دوای ئەوەی دوێنێ مەرزی پشتە لە سنووری هەڵەبجە لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە داخرا، بۆیە ترس هەیە مەرزی کێلێش ببێتە قوربانی ئەو بڕیارانە.
عەباس عەزیز، بەڕێوەبەری گومرگی ڕاپەڕین بە 964ـى رایگەیاند: ئێمە خولەک بە خولەک لەسەر خەتین و بەدواداچوون دەکەین، بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵ و بڕیارێکی فەرمی بە دەستمان نەگەیشتووە بۆ داخستنى مەرزەکە.
سەبارەت بە جموجۆڵی گەشتیارى و بازرگانى، عەباس عەزیز ئاشکراى کرد ئەمڕۆ هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانى نییە، چونکە پشووە. بەڵام دوێنێ تا کاتى تەواوبوونى دەوام هاتوچۆ ئاسایی بووە.
بە وتەى عەباس عەزیز، ئەگەر مەرزى کێلێ دابخرێت، 5 هەزار کەس بە شێوەى راستەوخۆ بێ کار دەبن و 500 هەزار کەسى سنوورى ئیدارەى راپەڕین زیانمەند دەبن.
ئاماژەى بەوەشکرد، هەرچى کەلوپەلى دروستکردنى کارگەى بچوک و مامناوەند و تەڕە و میوە و سەوزەواتى ئێرانییە لە رێگەى ئەو مەرزەوە دەهێندرێتە هەرێمى کوردستان،” بۆیە ئەگەر مەرزەکە دابخرێت هەموو ئەو کەلوپەل و پێویستیانە لە بازاڕدا نرخەکەى بەرز دەبێتەوە”.