هی باب و باپیرانە و دەیپارێزن
وەشانی گەنم بەدەست و نەریتەکەش بە دڵ
میلاد جەلال – گەرمیان
لە گوندی ڕەزوارەی ناوچەی گەرمیان، هەندێک لە جوتیاران هێشتا بۆ پاراستنی نەریتی کۆنی باوباپیرانیان، بە شێوازی دەستی و بەبێ بەکارهێنانی ئامێر، گەنم دەچێنن.
حەمزە حەمید، جوتیارێکی گەنجی گوندەکەیە ئەو بە 964 وت، ئەوان بۆ ئەوەی نەریتی کۆنی باوباپیرانیان بپارێزن و لەناو نەچێت، هێشتا تۆوی گەنم بە دەست دەچێنن.
حەمید ئاماژەی بەوەکرد، ئەم شێوازەی چاندنە، بەراورد بە چاندنی بە ئامێر، ماندووبوون و هەوڵێکی زۆری دەوێت، بە شێوەیەک کە جوتیاران دوای تەواوکردنی کارەکە، بەهۆی ماندووبوونی زۆرەوە ئازاری لەشیان هەست پێدەکەن.
بەڵام ئەو جوتیارە گەنجە دەڵێ، سەرەڕای ماندووبوونی، ئەم شێوازە چێژ و خۆشییەکی تایبەتی هەیە، چونکە خەڵکی گوند کۆدەکاتەوە و بە هاوکاری و بەشدارییەکی کۆمەڵایەتییەوە کاری چاندن ئەنجام دەدەن.
ئەوان پێیان وایە، گەنمی چێنراو بە دەست، لە رووی جوانییەوە جوانتر دەردەچێت لە گەنمی چێنراو بە ئامێر، ئەم شێوازەی کشتوکاڵ، لەگەڵ ئەوەی کارێکی ماندووکارە، هێشتا وەک بەشێک لە کولتوور و نەریتی کۆنی ژیانی گوندنشینان ماوەتەوە و جوتیارانی گوندی ڕەزوارە هەوڵ دەدەن ئەم میراتە بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا